بافڵ جەلال تاڵەبانی لەگەڵ سەركردەكانی چێوەی هەماهەنگی كۆبووەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی لە بەغداد لەگەڵ سەركردەكانی چێوەی هەماهەنگی كۆبووەوە و پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق و ئاسایش و ئارامییان تاوتوێكرد.

بە سەرۆکایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی، وەفدی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغداد لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی کە پێکھاتبوون لە نوری مالکی، سەرۆکی ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، حەیدەر عەبادی، سەرۆکی ھاوپەیمانیی نەسر و قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی عەسائیب ئەھلی حەق و چەند سەرکردەیەک لە ھاوپەیمانی فەتح کۆبوونەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوێكی كۆبوونەوەكە تیایدا، “گفتوگۆ لەبارەی پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق کرا، هەنگاوەکانی زاڵبوون بەسەر کێشەکان و تێپەڕاندنی بەربەستەکان تاوتوێکران و جەخت لە زمانی دیالۆگ و تێگەیشتنی هاوبەش کرایەوە”.

پاراستنی ئارامی و سەقامگیری سیاسی و ئابووری لە ناوچەکە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە بوو و جەخت لەوە کرایەوە کە دەبێت کێشەکان بە گفتوگۆ و دیالۆگ چارەسەربکرێن و ڕێگەچارەیەکی گونجاو بۆ تێپەڕاندنی بەربەستەکانی بەردەم پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق بدۆزرێتەوە، وەك ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە.

دووپاتیشیدەكاتەوە، هەردوولا هاوڕابوون کە دەبێت حكومەتێكی بەهێز و خزمەتگوزار دروستبكرێت بەشێوەیەک کە وەڵامدەرەوەی خواستی هەموو نەتەوە و پێکهاتەکانی عێراق بێت.

لەگەڵ چڕبوونەوەی هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ و هەروەها یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، نیوەڕۆی ئەمڕۆ بافڵ جەلال تاڵەبانی، بە سەرۆكایەتیی شانێكی باڵای یەكێتی گەیشتە بەغداد.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا شیعەكان جۆرێك لە نزیكبوونەوە لەنێوانیاندا هاتە ئاراوە، بەتایبەت ئەگەری نزیكبوونەوەی زیاتری موقتەدا سەدر و نوری مالكی، كە بۆی هەیە پرسی پێكهێنانی حكومەت خێراتر بكات.

 

بابەتی پێشتر

پێنج شیعری ژنە شاعیرێکی ڕوسی بە 1.5 ملیۆن ڕوبڵ دەفرۆشرێن

بابەتی دواتر

هاری کەین چووە ڕیزی ئەفسانە کاریگەرەکانەوە و ڕۆناڵدۆ شانزەیەمە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

نێچیرڤان بارزانی: هەرێم لە چوارچێوەی عێراقدا بڕیار لەبارەی مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان دەدات

سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەرێمی کوردستان بەتەنها بڕیار لەبارەی مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان نادات و لەچوارچێوەی عێراقدا بابەتەکە یەکلادەکاتەوە…
Total
0
Share