دەرگای سینەماش بەسەر ڕوسیادا داخرا

پاش هێرشكردنە سەر ئۆکرانیا لەلایەن ڕوسیاوە، دامەزراوە جیهانییەکانی ‏سینەما، بایکۆتی نماییشکردنی کارەکانیان لە ڕوسیا دەکەن و پڕۆژە ‏سینەماییەکانیان لەگەڵ ئەو وڵاتەدا ڕادەگرن.‏

هەریەک لە فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتیی کان، ئەکادیمیای فیلمی ئەوروپی، ‏کۆمپانیاكانی نێتفلیکس، واڵت دیزنی، سۆنی و وارنەر ، کە دامەزراوەی ‏گەورەی بەرهەمێهێنای فیلمن، پڕۆژە سینەماییەکانیان و نماییشی فیلمە ‏نوێیەکانیان لە ڕوسیا ڕادەگرن.‏

لە چەند ڕۆژی پێشوودا فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی کان، ڕایگەیاند، پێشوازی لە ‏هیچ پڕۆژەیەکی فەرمیی سینەمایی ناکات، کە پەیوەندیی بە کریملینەوە ‏هەبێت. هاوکاتیش، نێتفلیکس سەرجەم ئەو پڕۆژانەی نماییشكردن و ‏بەرهەمهێنانی ڕاگرت، کە پەیوەندییان بە وڵاتی ڕوسیاوە هەیە.‏

هەروەها کۆمپانیاکانی واڵت دیزنی، سۆنی و وارنەر، کە هەریەکیان فیلمی ‏نوێی گرنگ و چاوەڕوانکراویان بۆ ماوەی داهاتوو هەیە، وەک فیلمە نوێیەکەی ‏باتمان، کە لە بەرهەمهێنانی ستودیۆکانی وارنەرە و پێشبینی دەکرێت ‏پڕبینەرترین فیلمی ساڵ بێت، بڕیاریان داوە هیچکام لە بەرهەمەکانیان لە ڕوسیا ‏نماییش نەکەن و پێشبینی دەکرێت ئەم هەڵوێستە، سەرجەم ستۆدیۆ و ‏کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی هۆلیود بگرێتەوە.‏

هاوکاتیش، ڕۆژی سێشەممە ئەکادیمیای فیلمی ئەوروپی (‏EFA‏)، بڕیاری ‏بایکۆتکردنی فیلمە ڕوسییەکانی دا و ڕایگەیاند، کە “چووەتە پاڵ ئەو سزا ‏نێودەوڵەتییە گەورانەوە کە لە ئێستادا بەسەر ڕوسیادا سەپێنراون” و “بە ‏تەواوەتی پشتگیریی داخوازییەکەی ئەکادیمیای فیلمی ئۆکرانی دەکات”، لە ‏بایکۆتکردنی فیلمی ڕوسیدا.‏

هەموو ئەمە، لە کاتێکدایە کە چەند ڕۆژێک پاش هێرشكردنە سەر ئۆکرانیا ‏لەلایەن ڕوسیاوە، ئەکادیمیای فیلمی ئۆکرانی داوایەکی کراوەی بڵاوکردەوە، ‏بۆ بایکۆتکردنی ڕوسیا لەلایەن ناوەندە سینەماییەكانەوە.‏

ئەو بایكۆتە سینەماییەی سەر ڕوسیا، هاوكاتە لەگەڵ سزا ئابورییەكانی سەر وڵاتەكە، جگە لە هەڵوێستە سیاسییەكانی زۆربەی وڵاتانی جیهان بەرامبەر بە مۆسكۆ.

بابەتی پێشتر

سەڵاحەدین بەهائەدین: زەنگی مەترسی لێیداوە و ملدەنێین بەرەو نادیار

بابەتی دواتر

شەڕ لە ئۆکرانیا 400 ملیار دۆلار زیان بە ئابوریی جیهان دەگەیەنێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share