هەڵاوسان لە توركیا بە ڕێژەی نزیكەی 5% بەرزبووەتەوە و گەیشتە 54.44%ی ساڵانە و خەڵكی وڵاتەكە بە دۆخێكی ئابوریی دژواردا گوزەردەكەن.
زانیارییەكانی دەستەی ئاماری توركیا دەڵێن، مانگی شوباتی ڕابردوو پێنوێنی بەكاربەر (هەڵاوسان) لە توركیا بە ڕێژەی 4.81%ی مانگانە بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 54.44%ی ساڵانە.
ئامارەكە پشتی بەو گۆڕانكارییانە بەستووە كە بەسەر نرخی شمەك و كاڵا و خزمەتگوزارییەكاندا هاتوون، هۆكارەكەشی كەمبوونەوەی بەهای لیرەی توركییە لە بەرامبەر دراوە بیانییەكاندا.
ساڵی ڕابردوو لیرەی توركی لە بەرامبەر دۆلاری ئەمریكیدا 44%ی بەهاكەی لەدەست دا، ئەوەش بەهۆی سیاسەتی داراییانەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتەوە كە بە فەرمانی ئەو، بانكی ناوەندیی توركیا ڕێژەی سووی تا 14% كەمكردەوە.
سەرباری ڕوودانی هەڵاوسان بەهۆی بڕیارەكەی ئەردۆغان و دووچاركردنی توركیا بە قەیرانێكی ئابوری كە بە ڕادەیەك زیانی بە هاوڵاتییان گەیاندووە بەشێكیان توانای بەدەستخستنی خۆراكی پێویستیان نییە، سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتە مكوڕە لەسەر درێژەدان بەو سیاسەتە داراییە.