بافڵ جەلال تاڵەبانی پەیامێكی لەبارەی “دیداری یەکێتی”یەوە بڵاوكردەوە، دەڵێت، “لەم وێستگەی گۆڕانكارییە ڕیشەییەدا كە گەڕانەوەیە بۆ سیاسەتی حەكیمانەی سەرۆك مام جەلال، چاكسازی دەكەینە بنەمای نوێبوونەوە و یەكێتیی ناو یەكێتی پتەوتر دەكەین”.
دووپاتیشیدەكاتەوە، “ستراتیژێكی دوورمەودای سیاسی، ئابوری، كۆمەڵایەتی و ڕێكخراوەیی، كە خزمەت بە ژینگەی سیاسی و حكومڕانی لە عێراق بكات، دەكەینە هەوێنی كاركردنمان”.
بافڵ جەلال تاڵەبانی ڕاشیگەیاندووە، “سەربەرزی و سەرفرازیی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان ئامانجی مێژوویی و هەمیشەیی ئەم حیزبە تێكۆشەرەیە، بۆ ئەمەش هیچ هێزێك نامانوەستێنێت”.
دەقی پەیامەكە:
پەیامی پشتیوانیی ھەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی دەربارەی دیداری یەکێتی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان حزبێكی ڕەسەن، خاوەن ئامانج و نوێگەرە، خەبات بۆ مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان دەكات و كار بۆ بنەما سەرەكییەكانی مافی مرۆڤ، ئاشتی، دیموكراسی و مافی چارەی خۆنووسین دەكات.
لەم وێستگەی گۆڕانكارییە ڕیشەییەدا كە گەڕانەوەیە بۆ سیاسەتی حەكیمانەی سەرۆك مام جەلال، چاكسازی دەكەینە بنەمای نوێبوونەوە و یەكێتی ناو یەكێتی پتەوتر دەكەین.
ئۆرگانەكانمان كاریگەر و چالاكتر دەكەین تاوەكو ماندوونەناسە ئەركەكان ڕابپەڕێنن و دڵسۆزانەتر كار بكەن.
ستراتیژێكی دوورمەودای سیاسی، ئابوری، كۆمەڵایەتی و ڕێكخراوەیی، كە خزمەت بە ژینگەی سیاسی و حكومڕانی لە عێراق بكات، دەكەینە هەوێنی كاركردنمان.
گەنجە خوێنگەرم و ژنە چالاكەكانمان هێزی لەبن نەهاتووی ئەم حیزبە نوێگەرە دەبن و پێشڕەویی ئەم خەباتە پیرۆزە دەكەن.
پێشمەرگەی دێرین، زیندانیانی سیاسی، كەمئەندامانی سەنگەر و تێكۆشەران سەرمایەیەكی گەورەی یەكێتیین و ئەزموونەكانیان دەكەینە سەرمەشقی كاركردنمان.
سەربەرزی و سەرفرازیی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان ئامانجی مێژوویی و هەمیشەیی ئەم حزبە تێكۆشەرەیە، بۆ ئەمەش هیچ هێزێك نامانوەستێنێت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی