ئەو لیژنەیەی دوای داگیركردنی كوەیت لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە پێكهێنرا دوا ڕاپۆرتی خۆی پێشكەشی ڕێكخراوەكە كرد و ئاشكرایدەكات عێراق 52.4 ملیار دۆلار قەرەبووی بە كوەیت داوە.
لیژنەكە لە ساڵی 1991دا بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ژمارە 692 بۆ ڕێكخستنی قەرەبووە داراییەكانی سەر عێراق بۆ كوەیت پێكهێنرا و، لیژنەكە پارەكەی لەڕێی باج بە بڕی 5% لەسەر فرۆشی نەوت و بەرهەمە نەوتییەكانی دیكە كۆكردەوە.
ڕاپۆرتی لیژنەكە دەڵێت، “سەدام حسێن فەرمانی بە سوپاكەی كرد بە داگیركردنی كوەیت و دەستبەسەراگرتنی وەك (پارێزگای نۆزدەهەمینی عێراق) لە 2ی ئابی 1990دا، بەر لەوەی پاش حەوت مانگ لێی بكشێتەوە بە فشار و هێزی هاوپەیمانان بە سەرۆكایەتیی ویلایەتە یەكگرتووەكان”.
لەنێو سوودمەندانی قەرەبووەكانی جەنگ كەسانی تاك، كۆمپانیا، ڕێكخراوە حكومییەكان و گروپی دیكە هەبوون كە بەهۆی هێرشی عێراق و داگیركردنی كوەیت زیانی ڕاستەوخۆیان پێگەیشتووە.
لەماوەی 30 ساڵی ڕابردوودا لیژنەكە نزیكەی 2.7 ملیۆن داوای بۆ قەرەبووكردنەوە پێگەیشتووە، توانیویەتی 52.4 ملیار دۆلار لە نزیكەی 352 ملیار دۆلاری داواكراو بداتەوە، وەك ئەوەی لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە.
دەشڵێت، دواهەمینیان لە 13ی كانونی دووەم بە بڕی نزیكەی 630 ملیۆن دۆلار دراوە، لەو ڕاپۆرتەدا كە ئەمڕۆ بە فەرمی لە جنێف خرایەڕوو.
ڕاپۆرتەكە دەڵێت، لەكاتێكدا ماوەی كاركردنەكە زۆر دەردەكەوێت، بەڵام پێویستە ڕەچاوی ئەوە بكرێت كە یەكلاكردنەوەی نزیكەی 2.7 ملیۆن داواكاری بە بڕی 352 ملیار دۆلار لەو ماوەیەدا بێپێشینەیە لە مێژووی یەكلاكردنەوەی داوا نێودەوڵەتییەكاندا.
جەختیشیدەكاتەوە، ئەم دەستكەوتە شایانی ئاماژەپێدانە كە هۆكاربووە بۆ ئاشتەوایی دوای ململانێ، ئەمەش نیشاندەری بەها و گرنگیی یاسای نێودەوڵەتییە.
داگیركردنی كوەیت
كاتژمێر دووی بەرەبەیانی ڕۆژی 2 ئابی ساڵی 1990 سوپای عێراق بە چوار فیرقەی هێزە تایبەتییەكان لە پاسەوانی كۆماری (حامورابی، نەبوخەزنەسەر، مەدینەی منەوەرە و تەوەكەل عەلەلڵا) سنووری كوەیتی بەزاند، لە شاری كوەیتی پایتەختیش هێزی ئاسمانیی عێراق لەڕێگەی پەرەشوتەوە دابەزینە ناو شار و بەپێی نەخشەیەكی سەربازی پەلاماری بارەگای كۆشكی میری كوەیت و بارەگا سەرەكییەكانی دیكەیان دا و لە ماوەیەكی كورتدا كۆنتڕۆڵیانكرد، دوای دوو ڕۆژ و لە 4ی ئابدا وڵاتەكە بەتەواوی داگیركرا.
چەند ڕۆژێك دواتر حكومەتێكی كارتۆنی بە سەرۆكایەتی عەقید عەلا حوسێن لەژێر ناوی كۆماری كوەیت پێكهێندرا، زۆری نەخایاند لە 9ی هەمان مانگدا حكومەتی بەغداد بەفەرمی لكاندنی كوەیتی بەعێراقەوە ڕاگەیاند.
هەوڵەكەی عێراق نیگەرانی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی لێكەوتەوە، ئەنجومەنی ئاسایش لەسەر داوای ئەمریكا و كوەیت كۆبووەوە و بڕیاری ژمارە 660ی دەركرد كە داوایدەكرد عێراق لەو وڵاتە بكشێتەوە.
بەڵام ڕژێمەكەی سەدام ملی بۆ بڕیارەكە نەدا بۆیە ئەنجومەنی ئاسایش بە بڕیاری ژمارە 678 ڕێككەوتی 15ی كانونی دووەمی ساڵی 1991ی وەك دوا وادەی كشانەوە لە كوەیت دیاریكرد، جارێكی دیكە ڕژێمی ئەوكاتی عێراق سەركێشی نواند و سووربوونی لەسەر هەنگاوەكە نیشاندا، بۆیە ئەمریكا بە سەرۆكایەتیی هاوپەیمانییەكی 34 وڵاتی هێرشەكانی دەستپێكرد و لە 26ی شوباتی 1991دا سوپای عێراق لە كوەیت وەدەرنرا. هەر ئەو ساڵە گەمارۆی ئابوری سەپێندرایە سەر عێراق كە تا ساڵی 2003 و ڕووخانی ڕژێمی سەدام حوسێن بەردەوام بوو.
لە 3ی ئازاری 1991 نوێنەرانی عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە ناوچەی سەفوانی سنووری نێوان عێراق و كوەیت ڕێككەوتنێكی پێنج خاڵییان واژووكرد، تیایدا عێراق وێڕای داننان بە سنووری كوەیت، ئامادەیشی دەربڕی قەرەبووی زیانەكانی بكاتەوە.