پارێزگاری هەولێر باس لە هۆکاری دوورخستنەوەی ژمارەیەک لە سەرۆک شارەوانییەکانی سنووری پارێزگاکە دەکات کە “بەهۆی کەمتەرخەمییان بووە بەرامبەر خەڵک لەکاتی لافاوەکاندا” و دەڵێت، “تەنها بەشێکیان بەوهۆیەوە بوون”.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا و لە وەڵامی پرسیاری تۆڕی میدیایی ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دوورخستنەوەی ژمارەیەک سەرۆک شارەوانیی سنووری پارێزگای هەولێر، ئومێد خۆشناو ڕایگەیاند، “ئەو سەرۆک شارەوانییانە بەشێکیان لە چێوەی گۆڕانکارییە ئیدارییەکاندا لە پۆستەکانیان لابراون و هەندێکیشیان خۆیان داوایانکردووە”.
ئاماژەی بەوەش کرد، بەشێک لەوانەی دوورخراونەتەوە بەهۆی لافاوەکانی ئەمساڵەوە بووە، نەک بەو مانایەی ئەوان هۆکاربووبن لە دورستبوونی لافاو بەڵکو کەمتەرخەمییان کردووە لەکاتی دروستبوونی لافاوەکان و بەهاناوەچوونی خەڵک.
سەبارەت بە پرسی بڕیاری بەکرێدانی شەقامەکانی شاری هەولێر بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانەی لەسەر شەقامەکان ڕادەگیرێن پارێزگاری هەولێر دەڵێت، “ئەوە گرێبەستێکە لەنێوان وەزارەتی شارەوانی و کۆمپانیایەک لە ساڵی 2017دا کراوە، بەڵام تائێستا ئەو بڕیارە بە فەرمی نەگەیشتووەتە دەستمان”.
جەختیکردەوە، کە ئەوان وەک پارێزگای هەولێر لەگەڵ ئەوەدان پێداچوونەوە بەو گرێبەستەدا بکرێت و وەزارەتی شارەوانیش ئێستا سەرقاڵی ڕێکخستنەوەی بابەتەکەن.
ئومێد خۆشناو دڵنیایی دا بە خەڵکی هەولێر کە هیچ بڕیار و کارێک ناکرێت لە هەولێر کە لە شارەکانی دیکە جیاوازبێت و هەر بڕیارێکیش بارگرانی بۆ خەڵک دروستبکات ئەوان بەرهەڵستیی دەکەن.