عەلی حەمەساڵح: ئەگەر قاچاخچێتی و گەندەڵی نەبوایە بەمشێوە لە بەردەم بەغداد زەلیل نەدەبوین

عەلی حەمەساڵح

عەلی حەمەساڵح ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر قاچاخچێتی و گەندەڵی و گرێبەستی خراپ نەبوایە، ھەرگیز بەمشێوە لە بەردەم بەغداد زەلیل نەدەبوین و دەشڵێت، “زۆر بەدڵنیایی” ئەو زیانەی بەو هۆیانەوە لە ھەرێم کەوتووە زیاترە لە 320 ملیارەکەی بەغداد.

عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ی تشرینی دووەم ڕایگەیاند، بەپێی ئەو یاسای ئەمڕۆ تێپەڕی، ئەگەر ھەرێم و بەغدا لەسەر ھەر بڕێک نەوت ڕێکبکەون (بڕکە دیارینەکراوە) بەغداد بڕە پارەیەک بۆ ھەرێم دەنێرێت.

ئەو پەرلەمانتارە لە نوسینێكدا لە پەیجی خۆی دەشڵێت، “ئەگەر قاچاخچێتی و گەندەڵی و گرێبەستی خراپ نەبوایە، ھەرگیز بەمشێوە لە بەردەم بەغداد زەلیل نەدەبوین” و دەڵێت، “زۆر بەدڵنیایی” ئەو زیانەی لە ھەرێم کەوتووە زیاترە لە 320 ملیارەکەی بەغداد.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەبێ ڕەزامەندی و بەشداری فراكسیۆنە كوردییەكان پرۆژەیاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی (قەرزكردن)ی پەسەندكرد.

بەپێی بڕگەیەكی پرۆژەكە هەرێم بەمەرجی ڕادەستكردنی نەوت بە كۆمپانیای سۆمۆ بەپێی ئەو بڕەی كۆمپانیاكە دیاریدەكات، لەگەڵ ڕادەستكردنی داهاتە نانەوتییە فیدڕاڵییەكان بەشە بودجەی لەلایەن حكومەتی بەغدادەوە پێدەدرێت.

عەلی حەمەساڵح ڕونیشیدەكاتەوە، بەھۆی قاچاخی و کۆمپانیاکارییەوە مانگانە دەستکەوتی دەسەڵاتداران 170 ملیار دینار زیاترە، بەھۆی گەندەڵی و قۆرخکاری و گرێبەستی خراپەوە، مانگانە نزیکەی 160 ملیۆن دۆلار زیان بە داھاتی نەوت دەگات.

ئەوەش دەخاتەڕوو، “لە 22ی ئازاری 2020 حکومەتی ھەرێم چوار بڕیاری دەرکرد، بۆ ڕێگری لە قاچاخی و ئەو کۆمپانیایانەی بە 11 ڕێگا پارە لە ھاوڵاتی وەردەگرن لە خاڵە سنورییەکان، کۆمپانیاکانی سکویرتی و کۆمپانیای نەوتی خزمەتگوزاری نەوتی کە 822 کۆمپانیان و باج نادەن، کۆمپانیاکانی وەبەرھێنان و دۆسیەی باج، بەداخەوە دوای زیاتر لە حەوت مانگ جێبەجێنەبوو، ئەگەرنا ئێستا ھەرێم دۆخێکی دیکەی ھەبوو”.

دەربارەی چارەسەری ئەو دۆخەش ئاماژە بەوەدەكات كە چاکسازی ڕاستەقینە لە دۆسیە گرنگەکانی نەوت و خاڵی سنووری و باج بکرێت، پەلەبکرێت لە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی. بەدڵنیایی دەرگای ڕێککەوتنیش لەگەڵ عێراق دانەخراوە و ھەرێم دەتوانێت ڕێککەوتنێکی سەنگین لەگەڵ عێراق بکات.

بابەتی پێشتر

'ئیتر سیاسەتی (هەر بێنە و هیچ نادەم) لە عێراقدا بۆ هەرێم بەردەوام نابێت'

بابەتی دواتر

عێراق.. 100 ئۆتۆمبێل وەك هاوكاری بەسەر ژمارەیەك خێزاندا دابەشكرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share