ترەمپ ویلایەتى ئالاسكاى بردەوە

دۆناڵد ترەمپ

دۆناڵد ترەمپ، كاندیدی كۆمارییەكان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا بە براوەى ویلایەتى ئالاسكا ڕاگەیەندرا.

بە گوێرەى ئەو ئەنجامە نافەرمییانەى لە میدیاكانی ئەمریكا بڵاوكراوەتەوە، ترەمپ 56.9%ى دەنگەكانى ویلایەتى ئالاسكاى بردووەتەوە.

بەم ئەنجامە ترەمپ ژمارەى نوێنەرەكانى بۆ 217 بەرزكردەوە. لەكاتێكدا بەپێی ئەنجامە نافەرمییەكان جۆ بایدن كە 279 نوێنەرى بردووەتەوە، كورسى سەرۆكایەتى مسۆگەر كردووە.

سەرەڕای جیاوازی ئەنجامەكان و ئەگەری زۆری یەكلابوونەوەی هەڵبژاردنەكە لە بەرژەوەندی بایدن، ڕۆژی سێشەممە ترەمپ لە تویتێکدا وتی، “ئێمە بەرەوپێشچوونی گەورەمان بەخۆوە بینیوە، ئەنجامەکان هەفتەی داهاتوو دەگەڕێنەوە و دووبارە ئەمریکا مەزن ڕادەگرین”.

دۆناڵد ترەمپ و تیمەكەی چاوەڕوانن تانە و سکاڵاکانیان لە هەڵبژاردن، یەكلایی ببنەوە و ئەنجامەكانیان بگەڕێنەوە، هەر بۆیە پێیانوایە هێشتا زووە بۆ ئەوەی بردنەوەی جۆ بایدن وەك سەرۆكی ئەمریكا ڕابگەیەندرێت.

لەوبارەیەوە، کەیلی مکێنانی، سکرتێری رۆژنامەوانیی کۆشکی سپی ڕایگەیاند، “هەڵبژاردن کۆتایی نەهاتووە و زۆر لەوە دوورە کۆتایی پێبێت. ئەوەی تائێستا ئێمە كردوومانە، تەنیا دەستپێكردنی پرۆسەی بەدەستهێنانی دەنگی ورد و راستە”.

بانگەشەی ترەمپ و تیمەكەی بۆ ئەگەری گۆڕانی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن تەنها تۆماركردنی سكاڵا نییە، بەڵكو ئەوەی ئێستا ڕوونبووەتەوە، كاركردنی دەسەڵاتی دادوەریی ئەمریكا-یە لەسەر ئەو سكاڵایانە، بەجۆرێك كە داواکاری گشتیی ئەو وڵاتە، وەزارەتی دادی ڕاسپاردووە بەدواداچوون بۆ سکاڵاکانی ترەمپ بکات.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share