بەپرسی خاڵی سنووری پێشخابوور لەبەری هەرێمەوە، ئاشکرایکردووە، دوای زیاتر لە مانگێک داخستنی ئەمڕۆ دەروازە سنوورییەکە کراوەتەوە.
شەوکەت بەربەھاری، بەرپرسی خاڵی سنووریی پێشخابوور ڕایگەیاندووە، “ئەمڕۆ ئەو خاڵە سنوورییە بۆ ڕەوانەکردنی ھاوکاریی مرۆیی و کارمەندانی رێکخراوە خێرخوازییە بیانییەکان کراوەتەوە، بۆ ئەوەی ھاوکاری بۆ خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان ڕەوانە بکرێت و خۆشیان سەردانی ڕۆژئاوای کوردستان بکەن”.
ماوەی زیاتر لە مانگێکە دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەروازەی سنووری پێشخابووری داخستووە، بە بیانووی ئەوەی لایەنگرانی پەکەکە هێرشیانکردووەتە سەر خاڵە سنوورییەکە.
پێشتر سایتی “مۆنیتۆر”ی ئەمریکی ئاشکرایکردبوو، پارتی دیموکراتی کوردستان مەرجی هەیە بۆ کردنەوەی خاڵە سنوورییەکە، لەناو مەرجەکاندا باس لە دوورخستنەوەی پەکەکە لە خاڵە سنوورییەکە کراوە و هاوکات داواکراوە “دەزگای خێرخوازی بارزانی” بچیتە ڕۆژئاوای کوردستانەوە.