ڕاڵف ڕانیك، ڕاهێنەری مانچستەر یونایتد ڕەخنەی لە یاریزانەكانی گرت بەوەی وەك پێویست جووڵەیان لە یاریگادا خێرا نەبووە و كەمتەرخەم بوون لە مامەڵەكردن لەگەڵ دۆخی یارییەكەدا.
لە خولی ئینگلتەرا یانەی مانچستەر یونایتد بە گۆڵێكی بێبەرامبەر بە یانەی وڵڤەرهامپتۆن دۆڕا و یارییەكەش لە ناو یاریگای ئۆڵد ترافۆرد بەڕێوەچوو.
ڕانیك پاش یارییەكە قسەیكرد، وتی، ئەوان بەشێوەیەكی خراپ یارییان كردووە، چ لە ڕووی تاك و چ لە ڕووی بەرگرییەوە.
وتیشی، “تا ئێستا چەند جارێك لەم وەرزەدا و لەو شوێنەدا گۆڵ لە یانەی مانچستەر یونایتد كراوە و نەمانتوانیوە چارەسەری بكەین”.
ڕانیك دانی بەوەدا نا كە ئەوان شایستەی بردنەوە نەبوون و پیرۆزباییشی لە یاریزانەكانی وڵڤەرهامپتۆن كرد بۆ ئەو ئاستە بەرزەی پێشكەشیانكرد.
مانچستەر یونایتد بەو شكستە لە پلەی حەوتەمی ڕیزبەندیی خولی ئینگلتەرا دەبینرێت، بەڵام دوو یاری كەمتری ئەنجامداوە.
وڵڤەرهامپتۆنیش سەركەوت بۆ پلەی هەشتەمی ڕیزبەندیی خولی ئینگلتەرا.