توركیا ساڵی ڕابردووی بە هەڵاوسان كۆتاییپێهێنا و ساڵی نوێی بە بەرزكردنەوەی نرخ ‏دەستپێكرد

لیرە ساڵی ڕابردوو 45%ی بەهای لەدەستداوە، نرخی كارەبا و سووتەمەنیش بەرزكرایەوە

پێشبینییەكان بۆ بەرزبوونەوەی هەڵاوسان لە توركیا ڕاست دەرچوون، لە كۆتایی ساڵی ڕابردوودا ڕێژەی هەڵاوسان لە وڵاتەكە بەراورد بە ساڵی 2020 زیاترە لە 30%، سەرەڕای ئەو هەڵاوسانە، حكومەتەكەی ئەردۆغان بڕیاریداوە نرخی كارەبا و سووتەمەنی بەرزبكاتەوە، ئەوەش هەڵاوسانەكە بەرزتر دەكاتەوە.

پێشتر ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز پێشبینییەكانی هەڵاوسانی بۆ كۆتایی ساڵی ڕابردووی توركیا ئاشكراكردبوو، بەوەی 30% تێدەپەرێنێت بەراورد بە ساڵی 2020، پێشبینییەكەش هاتە دی، بەو پێیەی بەپێی داتاكانی ژووری بازرگانی ئیستەنبول، نرخی تاكفرۆشی، واتا فرۆشتنی خۆراك و كەرەستە و پێداویستییە گشتییەكان بە هاوڵاتییان، لە مانگی 12ی 2021 زیاتر لە 34% بەرزبووەتەوە بەراورد بە هەمان مانگی 2020.

نرخی فرۆشتنیش بە كۆ (جملە) بەهەمانشێوە بەرزبووەتەوە، كە ئەمەیان بەرزبووەنەوەكە خۆی لە 47% دەدات و ئاستێكی بەرزری بەراورد بە 2020 تۆماركردووە.

هەر بەپێی داتاكانی دامەزراوە توركییەكان، نرخی خۆراك، كە ئەمەیان بۆ هاوڵاتییان زۆر گرنگە و پەیوەندیی بە ژیانیانەوە هەیە، لە كۆتا مانگی ساڵی ڕابردوو 15% بەرزبووەتەوە بەراورد بە مانگی 11ی هەمان ساڵ، لەكاتێكدا بەراوردی هەڵاوسان لە 2021 بەراورد بە 2020 نزیكەی 35%ــە بۆ كەرەستە خۆراكییە سەرەكییەكان.

بۆیە بە گشتی ڕێژەی هەڵاوسان لە توركیا لە ساڵی 2021 بەراورد بە ساڵی 2020، 30%ی تێپەڕاندووە.

هەڵاوسان و بەرزبوونەوەی نرخی شمەك و كاڵا لە توركیا پەیوەندیی بە دابەزینی بەهای لیرەی توركییەوە هەیە بەرامبەر بە دۆلار، كە لە ساڵی ڕابردوودا نزیكەی 45%ی بەهاكەی بەراورد بە 2020 لەدەستداوە.

لە داخستنی بازاڕی دراوەكاندا لە ڕۆژی هەینی، یەك دۆلار بەرامبەر بوو بە 13.25 لیرەی توركی.

ئەمە جگە لەوەی خودی حكومەتەكەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان نرخی بەشێك لە شمەك و خزمەتگوزارییەكانی بەرزكردووەتەوە.

لەو نێوەندەدا لەگەڵ دەستپێكی ساڵی نوێ، حكومەت نرخی كارەبای لەسەر هاوڵاتییان و بازرگانان بەرزكردەوە، بەرزكردنەوەكە لەسەر هاوڵاتییان 50%یە و لەسەر شوێنە بازرگانییەكانیش نزیكەی 125% نرخی كارەبایان لەسەر زیادكراوە.

غازی سروشتیتش، كە بەهەمانشێوە بۆ هاوڵاتییان و شوێنە بازرگانییەكان گرنگە، نرخەكەی بەرزكراوەتەوە، لەسەر هاوڵاتییان 25% و لەسەر شوێنە بازرگانییەكانیش 50%.

حكومەتی توركیا نرخی بەنزین و گازوایلیشی بەرزكردەوە، كە بۆ شۆفێران كاریگەریی نەرێنیی هەیە، یەك لیتر بەنزین 50 قروش (نیو لیرە)ی چووەتەسەر، هەروەها یەك لیتر گازوایل نزیكەی 1.30 لیرەی خراوەتە سەر، لەكاتێكدا زۆربەی ئۆتۆمبێلەكانی توركیا بە گازوایل كاردەكەن.

بابەتی پێشتر

چاڤی داوای دواخستنی یارییەكەی مایۆركا دەكات

بابەتی دواتر

خاڵی ناكۆكی نێوان سەدر و چێوەی هەماهەنگی ئاشكرادەكرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share