چێوه‌ى هەماهەنگى شیعەکان دەستپێشخەرییەکى نۆ خاڵییان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان ڕاگەیاند

چێوەی هەماهەنگی شیعه‌كان دەستپێشخەرییەك بۆ چارەسەركردنی قەیرانی هەڵبژاردنەكان دەخاتەڕوو كه‌ خۆی له‌ نۆ خاڵ ده‌بینێته‌وه‌.

چێوەی هەماهەنگی شیعه‌كان له‌ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌یاندا كە ئاراستەی هێز و لایەنەكانی كردووە، داوا ده‌كه‌ن ئەو سكاڵاو تانانەی كە بە شێوه‌یه‌كى دەستووریی و یاسایی سەبارەت بە ئەنجامی هەڵبژاردن پێشكەشكراون دادگا پیشتگیریی بكات و ڕێڕەوە یاساییەكانى خۆی بگرێت.

هه‌روه‌ها داوایانكردووه‌، پێكهاته‌ى حكومەت ‌و نوێنەرایەتی زیاتر له‌به‌رچاو نه‌گیرێت، به‌ڵكو بایەخی زیاتر بە پرۆگرامی حكومەت بدرێت تاببێته‌ هۆی چارەسەركردنی بێكاریی‌، دابینكردنی خزمەتگوزارییەكان‌ و بەرزكردنەوەی ئاستی ئابوری هاوڵاتییان و چارەسەرێكی گونجاویش بۆ قەیرانی نرخی دۆلار بدۆزرێتەوه‌.

چێوه‌ى هه‌ماهه‌نگى شیعه‌كان هه‌ر له‌ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌یاندا داواده‌كه‌ن، ئاستی توانای جەنگی هێزەچەكدارەكان بەرزبكرێتەوە له‌ سوپا، پۆلیسی فیدراڵی، حەشدی شەعبی و پێشمەرگەوە.

هه‌روه‌ها داواش ده‌كه‌ن هەر سێ‌ پۆستە سیادییەكە بچێتە چێوەی ڕێككەوتنی هێزە سیاسییەكان لەگەڵ ڕەچاوكردنی نەریتی دەستوری باودا یه‌كبگرنه‌وه‌.

له‌ خاڵێكى دیكه‌ى ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ى چێوه‌ى هه‌ماهه‌نگى شیعه‌كاندا هاتووه‌، “چارەسەری كێشەی ناهاوسەنگی پەرلەمانی بكرێت، كە بەهۆی هەڵەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانەوە هاتوەتەدی بۆئەوەی گەرەنتی ئەوە بكرێت تاكڕەویی نەكرێت لە دەركردنی یاساكان ‌و گۆڕانكارییكردن یان هەڵوەشاندنەوەیان.”

له‌ كۆتا خاڵی ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ هاتووه‌، “ئۆپۆزسیۆنی سیاسی مافێكی بەدیهێنراوە بۆ ئەو هێزانەی ئارەزوی دەكەن.”

بابەتی پێشتر

پەتاتەی خراپبووی ئێرانی لە وڵاتانی دراوسێیەوە دەگەڕێندرێتەوە

بابەتی دواتر

دوای سێ مانگ لە کۆنترۆڵکردنی پەنجشیر خەڵکی ویلایەتەکە ناڕەزایەتی دەردەبڕن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share