كاروانی یەكەمی هاوكارییەكانی بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ زیانلێكەوتووانی هەولێر دابەشدەكرێت

كاروانی یەكەمی هاوكارییەكان

ئەمڕۆ یەكەم كاروانی هاوكارییەكانی بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ زیانلێكەوتوانی لافاوەكەی هەولێر دابەشدەكرێت، بەرپرسێكی یەكێتی لە هەولێر دەڵێت، هاوكارییەكانیان بەردەوام دەبێت.

دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو كاروانی هاوكارییەكان گەیشتنە هەولێر، ئەمڕۆ لەلایەن مەڵبەندی سێی هەولێری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە هاوكارییەكان دەگەیەندرێنە زیانلێكەوتوو و لێقەوماوان.

ڕێبوار ئیسماعیل، لێپرسراوی مەڵبەندی سێی هەولێری یەكێتی بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، ئەو هاوكاریییانە كاروانی یەكەمە كە لەلایەن بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ گرنگیدان بە شاری هەولێر و بەپیرەوەهاتنی خەڵكەكەی ڕەوانە كراوە و دوێنێ گەیشت.

وتیشی، “ئەمڕۆ تیمەكانمان دەستدەكەن بە دابەشكردنی بەسەر گەڕەكەكانی قوشتەپە، دارەتوو و ڕۆشنبیری، بەسەر ئەوانەی لێیانقەوما و زەرەر و زیانێكی زۆریان بەركەوت”.

“یەكێتی گرنگی بە شاری هەولێر دەدات بەتایبەت لەم كارەساتەی بەسەر شارەكەدا هات و، خەڵكێكی زۆر لە هەژار و مامناوەندی گەڕەكە هەژارەكان زەرەرمەندی بوون” بەرپرسەكەی یەكێتی وای وت.

ئاشكراشیكرد، هاوكارییەكان بریتین لە بەتانی، سەبەتەی خۆراك و پێداویستیی دیكە و لە كاروانی یەكەمدا كە ئەمڕۆیە بەسەر 500 ماڵدا دابەشدەكرێت.

ڕێبوار ئیسماعیل ئەوەشی ڕوونكردەوە، 250 خێزان لە دارەتوو، 200 لە قوشتەپە و 50 لە ڕۆشنبیری ئەمڕۆ هاوكارییەكەیان پێدەگەیەندرێت.

ئاشكراشیكرد، هاوكارییەكانیان وەك یەكێتی بەردەوام دەبن، دوێنێش بەهاندانی ئەوان لەلایەن كەسانی دەستڕۆیشتووی سەر بە یەكێتی بەشێك هاوكاری دابەشكراوە كە خۆی لە زۆپا و كەلوپەلی دیكەدا دەبینێتەوە.

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ڕابردوو لافاو چەند ناوچەیەكی شاری هەولێری گرتەوە و بەهۆیەوە 12 كەس گیانیانلەدەستدا و سەدان ماڵیش بەهۆی ئاوی لافاوەوە زەرەرمەندبوون، هەروەها چەندین ئۆتۆمبێل و كۆگای هاوڵاتییان زیانیان پێگەیشت.

بابەتی پێشتر

فڕۆكەیەك لە ئوسترالیا كەوتە خوارەوە

بابەتی دواتر

کۆمەڵەی هاریکاریی ئیسلامی بۆ پاڵپشتیی ئەفغانستان کۆدەبنەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share