لیرەی لوبنانی ئەمڕۆ ژمارەیەكی پێوانەیی لە هەرەسهێنان بەرامبەر دۆلاری ئەمریكی تۆماركرد، دوای ئەوەی لە بازاڕی ڕەشدا نرخی 27 هەزار لیرە بەرامبەر بوو بە یەك دۆلار.
دابەزینەكەی ئەمڕۆ زۆرترینە دوای دەستپێكردنی قەیرانی ئابوریی ساڵی 2019 كە بووە هۆی لەدەستدانی 90%ی بەهای لیرە بەرامبەر دۆلار لە بازاڕی ڕەشدا.
نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار لەنێوان 26950 بۆ 27000 لیرەدایە لە كڕین و فرۆشتندا.
لە سەرەتای تشرینی دووەمی ڕابردوو نرخی دۆلار گەیشتە نزیكەی 22 هەزار، لە 12ی ئەو مانگە بەربەستی 23 هەزار لیرەی بۆ یەكەمجار لە حوزەیرانی ڕابردووەوە تێپەڕاند دوای وازهێنان سەعد حەریری لە پێكهێنانی حكومەت، دواتر بەرزبوونەوەیەكی بەخۆیەوە بینی لەپاش ڕاگەیەندراوێكی بانكی ناوەندیی لوبنان.
ئەمساڵ بۆ لیرەی توركیش دۆخەكە بەنزیكەیی هاوشێوەبوو، دراوی وڵاتەكە بەردەوام ڕوو لە نزمبوونەوەیە، ئەمڕۆ لیرەی توركی ئاستێكی دیكەی پێوانەیی لە لەدەستدانی بەهاكەی تۆماركرد و یەك دۆلار گەیشتە نزیكەی 15 لیرە.
بەردەوامیی دابەزینی لیرەی توركی لەكاتێكدایە، لە ماوەی دوو هەفتەدا بانكی ناوەندیی وڵاتەكە سێ جار دەستوەردانی كردووە بۆ جێگیركردنی نرخی لیرە بەرامبەر بە دراوە بیانییەكان، بەڵام هێشتا نەیتوانیوە بەتەواوەتی دابەزینی نرخەكەی ڕابگرێت.
لە ماوەی ڕابردوودا دوای هەر لێدوانێكی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، نرخی لیرە دادەبەزی، بەڵام دابەزینە پێوانەییەكەی ئەمجارە پێش لێدوانێكی چاوەڕوانكراوی ئەردۆغان دێت، كە بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە پێشكەشیبكات.