بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان: ساڵانە زیاتر لە سێ هەزار سکاڵا زیاددەبن

بەڕێوەبەرایەتیی توندوتیژیی دژی ژنان لە سلێمانی باس لە گرفتەکانیان لە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتی و نووسینگەکان دەکات و بەڕێوەبەری گشتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان ڕایگەیاند، توانا مرۆیی و مادییەکانمان کەمن و سکاڵاکان بەردەوام لەزیادبووندایە.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کوردە عومەر بەڕێوەبەری گشتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان لە سلێمانی ڕایگەیاند، ئەو بەڕێوەبەرایەتی و نووسینگانەی تایبەت بە توندوتیژیی خێزانی و توندوتیژیی ژنان دامەزراون، بچووکبوون و سەرەتا بۆ بەدواداچوونی سکاڵاکان دامەزران چونکە ئەوکاتە سکاڵاکان ژمارەیان زۆر کەمبوو.

بەپێی وتەی بەڕێوەبەری گشتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان، ساڵانە سکاڵاکانی توندوتیژیی دژی ژنان سێ هەزار سکاڵا زیاددەكەن، بۆیە بەهۆی کەمیی کارمەند و ئەفسەر و توانای ماددییەوە ڕێگری و گرفتی زۆر لەکاتی بەدەمەوەچوونی کێشەکان دروستدەبن.

ئاماژەی بەوەکرد کە تەنها لە 10 مانگی ئەمساڵدا دوو هەزار و 400 سکاڵا بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زیادیانکردووە، “ئەمە لەکاتێکدا کارمەند و ئەفسەرەکانمان نەک زیادناکەن بەڵکو ژمارەیان کەمدەبێتەوە”.

هۆشداریشی دا لەوەی ئاسایشی کۆمەڵایەتی، ئاسایشی خێزانی و ژنان لەمەترسیدان، “بەهۆی زۆریی چەک و سیمکارتی بێسەرەتا کە ئێستا بوونەتە هەڕەشە بۆسەر ژنان، بۆیە پێویستە حکومەتی هەرێم ستاف و توانا مادییەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان زیاتر بکات”.

وتیشی، “لە هەموو سنووری سلێمانی سێ بەڕێوەبەرایەتی و نووسینگەمان هەن بەو توانایەوە ناتوانین سەرجەم ئەو سکاڵایانە وەربگرین کە بۆمان دێن و بەردەوامیش لەزیادبووندان”.

بابەتی پێشتر

بۆ تەندروستییەكی باش 5 شێواز لە نانخواردندا لەیادمەكە

بابەتی دواتر

دادگای فیدڕاڵی وادەی چاوخشاندنەوەی بە تانەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن دیاریكرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share