بڕیارە ئەمڕۆ حكومەتی عێراق بەشێك لە وردەكاری هێرشەكەی سەر ماڵی سەرۆك وەزیران بڵاوبكاتەوە.
سایتی RT لە زاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بڵاویكردەوە، هەندێك لە وردەكاری هێرشەكە ئەمڕۆ ئاشكرادەكرێن، هەروەك هەڵوێستێكی نوێی حكومەت دەخرێتەڕوو.
بڵاوكردنەوەی ئەو زانیارییانە لەكاتێكدایە بەر لە چەند ڕۆژێك دوو بەرپرسی ئەمنی بەگومانی تێوەگلانیان لە هەوڵەكەدا دەستبەسەركران.
یەكێك لەو كەسانە لیوا سەباح شبلی بەڕێوەبەری گشتیی بەگژداچوونەوەی تەقەمەنییەكانە لە وەزارەتی ناوخۆ و هۆكاری ڕاگرتنیشیان، شێواندنی بەڵگەیەكی تایبەت بە هێرشەكەی سەر ماڵی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانە كە بۆمبێكە و لە یەكێك لە فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان كەوتووە و لەسەربانی ماڵی كازمی دۆزراوەتەوە.
هەر بەپێی زانیارییەكان لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانەوە سێ كەسی تۆمەتبار لەپشت هەوڵی هێرشەكەی 7ی ئەم مانگە دیاریكراون.
هەینی ڕابردوو موقتەدا سەدر سەرۆكی ڕەوتی سەدر تویتێكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، “شكۆی دەوڵەت نابێت چاوپۆشی لێبكرێت، پەلاماردانی ماڵی سەرۆك وەزیران دەستدرێژییەكی ڕوون و ئاشكرایە بۆسەر سەروەری و شكۆ، ئاژاوە دەنێتەوە و تەواوی سەقامگیریی عێراق تێكدەدات”.
وتیشی، “لێرەوە ئاشكراكردنی لێكۆڵینەوەكانی تایبەت بەم دۆسیەیە بووە بە پێویستییەكی ناچاری، دەبێت ئەو تیرۆریستانە دەستگیربكرێن كە ئەو كارە تیرۆریستییە سەرشۆڕانەیەیان كردووە و سزای گونجاویان بەسەردا بسەپێندرێت”.