مووشەكێكی ڕوسیی دژەمانگی دەستكرد ناڕەزایەتیی لێدەكەوێتەوە

‏ڕوسیا دەڵێت، سەلامەتیی تیمی وێستگە نێودەوڵەتییەكە لە “كارە لەپێشینە ‏سەرەكییەكان”ی دەبێت.‏

ڕوسیا مووشەكێكی دژەمانگی دەستكردی لە بۆشایی ئاسماندا بە سەركەوتوویی ‏تاقیكردەوە، بەڵام واشنتۆن لە تاقیكردنەوەكە نیگەرانە و مۆسكۆ بە دروستكردنی مەترسی ‏لەسەر وێستگەی بۆشایی ئاسمانی نێودەوڵەتی تۆمەتباردەكات، ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ‏ڕوسیاش دەڵێت، سەلامەتیی تیمی وێستگە نێودەوڵەتییەكە لە “كارە لەپێشینە ‏سەرەكییەكان”ی دەبێت.‏

وەزارەتی بەرگریی ڕوسیا ڕایگەیاند، دوێنێ سێشەممە تاقیكردنەوەیەكی سەركەوتووی لە ‏بۆشایی ئاسمان ئەنجامداوە، تیایدا بە مووشەك مانگێكی دەستكردی ڕوسیی لەكاركەوتووی ‏تەقاندووەتەوە.‏

ئاشكراشیكرد، مانگە دەستكردە تەقێنراوەكە ناوی “تسیلینا- د”یە، كە لە ساڵی 1982 بۆ ‏بۆشایی ئاسمان هەڵدراوە و لەئێستادا لەكاركەوتووە.‏

بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، وەزارەتی بەرگریی ڕوسیا سوورە لەسەر بەهێزكردنی توانای ‏ڕوسیا لە بەرگریكردن لەخۆی لە بۆشایی ئاسمان و سەر زەوی، لە سایەی ئەو ‏مەترسییانەی لەلایەنی ئەمریكییەوە لەئارادان.‏

لە بەرامبەردا واشنتن بە توندی ئیدانەی “هەڵسوكەوتە مەترسیدارەكە”ی مۆسكۆی كرد ‏‏(مەبەستی تاقیكردنەوە مووشەكییەكەیە) و هۆشداریدا لەوەی تاقیكردنەوەكە هەزاران ‏پارچەی لێكەوتووەتەوە، كە بووەتە هەڕەشە بۆسەر سەلامەتیی كەشتیوانانی وێستگەی ‏نێودەوڵەتیی بۆشایی ئاسمان.‏

لای خۆیەوە ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەمریكی (ناسا) ڕایگەیاند، حەوت كەشتیوانەكەی ‏سەر وێستگەكە، كە چواریان ئەمریكی و یەكێكیان ئەڵمانی و دوو ڕوسی-ن، ناچاربوون ‏بچنە كەشتیی لكاو بە وێستگەكە وەك ئامادەكارییەك بۆ ئەگەری جێهێشتنی ناچارانە.‏

بیل نیڵسۆن، سەرۆكی ناسا لە ڕاگەیەندراوێكدا وتی، “ئەم كارە نابەرپرسیار و تێكدەری ‏سەقامگیرییە شۆكی كردم”.‏

ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ڕوسی “ڕۆسكوسمۆس” لە بەرامبەر ئەو نیگەرانییە ‏ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا جگە لە جەختكردنەوە لەوەی سەلامەتی تیمی ‏وێستگەی بۆشایی ئاسمان لە “كارە پێشینە سەرەكییەكان”ی دەبێت، وتی، “بەتەنها هەوڵە ‏هاوبەشەكانی سەرجەم هێزە ئاسمانییەكان دەتوانێت زامنی پێكەوەژیانی سەقامگیرانە بەپێی ‏توانا و پرۆسەكانی بۆشایی ئاسمان بكات”.‏

بەڵام ئاژانسەكە وەڵامی ڕاستەوخۆی تۆمەتەكانی ئەمریكای دەربارەی ڕووداوەكە نەدایەوە ‏كە بووە هۆی زیندووكردنەوەی مەترسییەكان لەوەی بۆشایی ئاسمان ببێتە گۆڕەپانی ‏جەنگیی نێوان هێزە گەورەكان.‏

پێشتر تەنها سێ وڵات، ویلایەتە یەكگرتووەكان و چین و هندستان، ئەم جۆرە ‏تاقیكردنەوانەیان لە بەئامانجگرتنی مانگی دەستكرد ئەنجامداوە، لەكاتێكدا مۆسكۆ ‏سووربوونی خۆی لەسەر ڕەتكردنەوەی هەر هەوڵێك بۆ بەسەربازگەكردنی بۆشایی ‏ئاسمان دووپاتدەكردەوە.‏

س: ئاژانسەكان

بابەتی پێشتر

جوانی!

بابەتی دواتر

وه‌زاره‌تى دارایی داوایه‌كى یاسایی 75 ملیار دیناریی له‌ كۆمپانیاى نالیا برده‌وه‌‏

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share