ڕاوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق دەڵێت، “هێشتا پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2022 بە فەرمی پێشكەشنەكراوە”.
موزهر محەمەد ساڵح، ڕاوێژكاری دارایی و ئابوریی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند، بەهۆی هەڵبژاردن و هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران و چاوەڕوانییەكانی دەستپێكردنی خولی نوێی یاسادانان، هێشتا نرخی فرۆشتنی نەوت لە پڕۆژە یاسای بودجەدا دەستنیشان نەكراوە، بۆیە هێشتا پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2022 بە فەرمی پێشكەشنەكراوە.
ڕاوێژكارەكەی كازمی پێشبینیكرد بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی خاوەوە، لە پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی داهاتوودا نرخی بەرمیلێك نەوت لەنێوان 50 بۆ 60 دۆلاردا جێگیربكرێت.
لە یاسای بودجەی ساڵی 2021دا عێراق نرخی بەرمیلێك نەوتی بە 45 دۆلار دەستنیشانكردبوو، دواتر نرخی نەوت بەرزبووەوە و حكومەت ڕایگەیاند، بەو زیادەیەی لە داهاتی فرۆشتنی نەوتدا بەدەستهاتووە، كورتهێنانی بودجە پڕدەكاتەوە.