وەزیری پێشمەرگە داوای ڕاگرتنی ‘تەعریب’ دەكات

وەزیری پێشمەرگە داوا لە هاوپەیمانان دەكات ‌فشار بخەنە‌سه‌ر حكومه‌تی عێراق دژ بەو تەعریبکردنەی کە لە ناوچە كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیدارەی هەرێم روودەدات. دەشڵێت، “له ‌په‌یوه‌ندییه‌كانمان دا له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی به‌رگریی عێراق هه‌نگاوی باش چووینه‌ته‌ پێشه‌وه‌.”

شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئه‌مڕۆ سێشەممە 27ی تشرینی یەكەم لەگەڵ سڤێن کڕاوسپی، جێگری کۆنسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر كۆبووەوە.
بە گوێرەی ڕاگەیاندراوی وەزارەتی پێشمەرگە، لە کۆبوونەوەکەدا، كه‌ سەرۆکی دەستەی ئەرکان و ژماره‌یه‌ك لە ئەفسەرانی پلە باڵای وەزارەتی پێشمەرگە ئاماده‌یبوون، دوایین هەنگاوەکانی پێکهێنانی بنکەی هاوئاهەنگیی هاوبەش لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ كراوە.
لەوبارەیەوە وەزیری پێشمەرگە، رایگەیاندووە، “ئاسۆی گه‌یشتن به ‌ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ سوپای عێراق ڕوونه‌، سه‌ره‌ڕای ڕێگری و به‌ربه‌سته‌كان، هه‌نگاوه‌كانمان به‌رده‌وامن‌، بڕیاره‌ له‌ کۆتایی ئەم مانگە دا، بنکەی هاوئاهەنگیی هاوبه‌ش له‌ هه‌ولێر و به‌غداد پێکبهێنرێت و قۆناغ بە قۆناغ بنکەکانی تریش له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم پێکبهێنرێن.”
وەزیری پێشمەرگە، ستایشی ڕۆڵی هاوپەیمانانی كردووە بە تایبەت په‌رۆشی و دڵسۆزی حكومه‌تی ئەڵمانیا بۆ ڕێکكەوتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق، كه‌ دواجار سه‌قامگیری و ئاسایشی ناوچه‌كه‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه‌. داواشی کرد هاوپەیمانان رۆڵی کاریگەری خۆیان بگێڕن له ‌فشارخستنه‌ سه‌ر حكومه‌تی عیراق دژ بەو تەعریب کردنەی کە لە ناوچە كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیدارەی هەرێم روودەدات، کە ناكۆكه‌ له‌گه‌ڵ بنه‌ما سه‌ره‌تاییه‌كانی مافه‌كانی مرۆڤ و ئاشته‌وایی كۆمه‌ڵایه‌تی.
وەك ڕاگەیاندراوی وەزارەتی پێشمەرگە ئاشكرایكردووە، جێگری كونسوڵی ئه‌ڵمانیا له ‌هه‌ولێر، ڕایگەیاندووە، “بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچه‌كه‌ و بنبڕكردنی تیرۆریستان، هاوئاهەنگیی نێوان هه‌ردوولا گرنگ و پڕ بایه‌خه‌.”


بابەتی پێشتر

ئیسرائیل دامەزراوەیەكی سەربازی لەسەر سنوورەكانی لوبنان دەكاتەوە

بابەتی دواتر

ڕوسیا ئەو چەكدارانە دەكوژێت كە توركیا دەیاننێرێت بۆ قەرەباغ

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share