وتەبێژی پارتی وەڵامی لێدوانی بەرپرسانی پەکەکە دەداتەوە و دەڵێت، “جێگەی داخێكی زۆرە كە لە زۆر بارودۆخی هەستیاردا پەكەكە بە لێدوانی بەرپرسانی و كردەوەكانی بووەتە مایەی سەرئێشە بۆ خەڵكی كوردستان و دامودەزگەی هەرێمی كوردستان.
وتەبێژەكەی پارتی ئەوەشی خستوەتەڕوو، “لە دوایین لێدوانەكانیشیاندا نەفەسی هەڕەشە و خواستی نانەوەی گرژی و ناسەقامگیری، ئاوەژووكردنی ڕاستییەكان بە ئاشكرا دیارە، ئەم جۆرە ڕەفتارانەی پەكەكە شتێكی تازە نییە و لە ڕاستیدا ئەوان بە كارە نابەجێ و گوماناوییەكانیان بوونەتە هەڕەشە لەسەر ژیانی خەڵكی كوردستان، ساڵانێكی زۆرە بە سەرانەوەرگرتن و داگیركردنی ماڵ و موڵكی خەڵك، ڕێگەیان لە ئاوەدانكردنەوەی سەدان گوند و گەڕانەوەی خەڵكی سڤیل بۆ ناوچەكانیان گرتووە”.
مەحمود محەمەد ئەوەشی وتووە، “پەكەكە گۆڕەپانی شەڕ و ململانێكانیان گواستووەتەوە ناو هەرێمی كوردستان و ڕۆژانە هاوڵاتییانی هەرێم باجی مرۆیی و مادی ئەو ڕەفتاری پەكەكە دەدەن، كارمەندی حكومەتی هەرێمی كوردستان شەهید دەكەن و هێشتایش پێیانوایە ئەوان هەڕەشە نین و هەرێمی كوردستان دەپارێزن!، پەكەكە بە ئاشكرا كەوتووەتە ململانێ لەگەڵ هەرێم و مەترسی بۆ سەر ژیان و بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان دروست دەكات”.
وتەبێژەكەی پارتی دەشڵێت، “پەكەكە لە هەر شوێنێك كوردێكی لێ بێت خێرا خۆیان بە خاوەن ماڵ دەزانن و كوردیش بە میوان، لە وەڵامی وتەكانیاندا دەڵێن ئێمە بڕوای تەواومان بە چارەسەركردنی ئاشتییانەی دۆزی ڕەوای گەلی كورد و تەبایی نێوان لایەنەكان هەیە، لێدوان و كردەوەكانتان زیانی زۆری بۆ هەرێمی كوردستان هەبووە و بۆ ڕێگەگرتن لە تێكچوونی زیاتری بارودۆخ داوا دەكەین چیتر كێشەی خۆتان و خەڵكی تر مەهێننە ناو هەرێمی كوردستان”.