هەردوو فراكسیۆنی سەوز و زەرد سەبارەت بە لێبڕینی موچە دەدوێن

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان جەختدەكاتەوە كە “پێویستە حكومەت چاكسازی ڕاستەقینە لە سەرچاوەكانی داهاتدا بكات” و دەڵێت، “لە پرسی لێبڕینی موچە دا داكۆكیكاری سەرسەخت دەبین.” سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی-ـیش ڕایدەگەیەنێت، “لێبڕینی موچە، لە سەرووی ویستی حكومەتەوەیە، هۆكارەكەشی نەناردنی شایستە داراییەكانی هەرێمە لەلایەن حكومەتی فیدراڵەوە.”

 

ئەمڕۆ سێشەممە 27ی تشرینی یەكەم، پەرلەمانی كوردستان كۆبووەوە سەبارەت بە پرساندنی حكومەت بە غیابی، ئەوەش دوای ئەوەی ژمارەیەك پەرلەمانتار داوای پرساندنی سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و وەزیری داراییان كردبوو لەبارەی لێبڕینی مووچەوە.
لە دانیشتنەكەی ئەمڕۆی پەرلەمان دا، پرساندنەكە بە غیابی دەستیپێكرد و بە دەنگی 81 پەرلەمانتار، دانیشتن بۆ لێسەندنەوەی متمانە لە حكومەت ڕەتكرایەوە.
دوای كۆبوونەوەكە، زیاد جەبار، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا ڕایگەیاند، “پرسی لێسەندنەوەی متمانە لە هەر ئەندامێكی حكومەت پەیڕەوی و یاساییە، بەلای فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان-ـەوە ناكرێت لەكاتێكدا هەرێمی كوردستان بە كۆمەڵێك قەیراندا تێپەڕدەبێت، بە قەیرانی تر هەوڵی چارەسەركردنیان بدرێت.”
وتیشی، “جەختدەكەینەوە لە پرسی لێبڕینی موچە دا سەنگەرەكە بۆ كەس چۆڵناكەین و وەك یەكێتی داكۆكیكاری سەرسەخت دەبین، بەردەوام جەختمانكردووەتەوە كە پێویستە حكومەت هەوڵبدات بۆ چاكسازی ڕاستەقینە لە سەرچاوەكانی داهات، چونكە بەهەدەردان و گەندەڵی زۆر هەن و پێویستە حكومەت لە داهاتی نەوت و خاڵە سنوورییەكاندا چاكسازی بكات.”
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان، بە پێویستیشیزانی پشكی هەرێم لە بەغداد دەستەبەر بكرێت بۆ ئەوەی موچەی خەڵك كێشەی بۆ دروستنەبێت.

سەبارەت بە هەمان پرس، ئومێد خۆشناو سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە “لە كۆی 92 پەرلەمانتاری ئامادەبووی كۆبوونەوەكەی پەرلەمان، 81 پەرلەمانتار باوەڕیان بە ڕونكردنەوەكانی سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و وەزیری دارایی هێناوە، كە پێشتر لە پەرلەمان دا سەبارەت بە لێبڕین و دواكەوتنی موچە خستبوویاننەڕوو.”
ئومێد خۆشناو ئەو داتایانەی بە نادروست ناوزەد كرد كە هەندێك فراكسیۆن و بەشێك لە پەرلەمانتاران سەبارەت بە داهاتی هەرێمی كوردستان دەیانخەنەڕوو و وتی، “لێبڕینی موچە، لە سەرووی ویستی حكومەتەوەیە، هۆكارەكەشی نەناردنی شایستە داراییەكانی هەرێمە لەلایەن حكومەتی فیدراڵەوە.”

بابەتی پێشتر

بە دەنگی 81 پەرلەمانتار وەڵامی حكومەت بۆ پەرلەمان پەسەندكرا

بابەتی دواتر

پەرلەمانتارانی كەركوك بۆ یەكلاكردنەوەی بازنەكانی هەڵبژاردنی شارەكە كۆدەبنەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

شەڕ بۆ چوونە كۆشكی سپی

بڕیارە لە 3ی تشرینی دووەمدا لە هەڵبژاردنێكدا ئەمریکا سەرۆکی نوێی وڵات و پێکهاتەی نوێی کۆنگرێس هەڵبژێرێت، تا ئێستاش…
Total
0
Share