بەیانی ئەمڕۆ شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسی، گەیشتە سلێمانی و سەردانی مەكتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان کرد و لەلایەن بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتییەوە پێشوازییان لێکرا.
شاندەکەی پارتی بۆ سەردانی لایەنەکان لە سلێمانی پێکهاتوون لە (فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسی، مەحمود محەمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و وتەبێژ، عارف تەیفور، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتی لە سلێمانی – هەڵەبجە، عەلی حسێن و دڵشاد شەهاب، ئەندامانی سەرکردایەتیی پارتی).
شاندەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ئەندامێتی ئەمین بابە شێخ و شاڵاو عەلی عەسکەری و ئاسۆ مامەند لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتی پێشوازییان لە شاندی پارتی کرد.
بڕیارە لە کۆبوونەوەکەدا پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و میکانیزم و شێوازی بەشداریی کورد لە حکومەتی نوێی عێراقدا گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت.