جارێكی دیكە نرخی بەنزین بەرزبووەوە

هەر لیترێك 50 دیناری دیكەی چووەتەسەر

نرخی هەر لیترێك بەنزین 50 دیناری دیكەی چووەسەر و جۆری موحەسەن گەیشتە 950 دینار، وتەبێژی بەنزینخانەكانیش دەڵێت، سەبارەت بە نرخ چاوەڕوانی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانن و هۆكاری بەرزبوونەوەكەش بۆ كەمی هاتنی لە ئێرانەوە دەگەڕێنێتەوە.

بەپێی بەدواداچوونەكانی تۆڕی میدیایی ئێستا، ئەمڕۆ لە شارەكانی هەولێر و سلێمانی نرخی بەنزین بۆ هەر لیترێك 50 دیناری دیكەی چووەسەر، بەجۆرێك نرخی لیترێك بەنزینی موحەسەن گەیشتە 950 دینار و بەنزینی سوپەریش لە سەروو هەزار دینارەوە دەفرۆشرێت.

بەڵام بەپێی وتەی بەهمەن شێخ قادر، وتەبێژی بەنزیخانەكانی سلێمانی بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا، “جارێ بەرزبوونەوەكە ڕووینەداوە، چاوەڕێی ئەنجامی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانین تا بزانین سەبارەت بە نەوت و گاز و بەنزین چییان كردووە، سبەی ئەنجامەكەی لەسەر نرخی بەنزین دەردەكەوێت”.

دەربارەی هۆكاری بەرزیی نرخی بەنزینیش وتی، “بەنزین لە ئێرانەوە كەم دێت و ڕۆژی وا هەیە هەر نایەت، ئەوەی كە هەیە لە ناوەڕاست و باشووری عێراقەوەیە كە بازرگانییە و بەڕێی قاچاخ دێت”.

هەفتەی ڕابردوو بەهۆی نەمانی ئەو بەنزینەی بە نرخی 690 دینار دەفرۆشرا و لە بەغدادەوە دابیندەكرا نرخی بەنزین بەرزبوونەوەیەكی بەخۆیەوە بینی.

بەم بەرزبوونەوەیەی ئەمڕۆش لەم دوو هەفتەیەدا دووەم جارە بەنزین ڕوو لە بەرزی دەكات.

لەكاتێكی پێشتری ئەمڕۆدا عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە سلێمانی ڕایگەیاند، ئەگەر تاوەکو دوو هەفتەی ئاییندە گوێمان لێنەگیرێت و بە قسەمان نەکرێت، نرخی بەنزین دەبێتە هەزار و 300 دینار.

وتیشی، “لە 70%ی بەنزینی کوردستان لە ئێرانەوە دێت، بەڵام بەهۆی ئەو دۆخە تایبەتەی ئێران هەیەتی ناردنی بەنزین، نەوتی سپی و گازوایل لە ئێرانەوە بۆ کوردستان ڕادەگیرێت. ئەوەی کە دێت کۆمەڵێک ماددەی پترۆکیمیاویی مەترسیدارە کە لە کۆمەڵێک ماددەی بێکەڵک تێکەڵدەکرێن و کوالێتیی ئۆتۆمبێل تێکدەدەن”.

بابەتی پێشتر

نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كازمی: ئەنجامەكانی هەڵبژاردن ڕاستگۆیانە بن

بابەتی دواتر

ئەمریکا و چین جیهان بەرەو کوێ دەبەن؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share