پنتاگۆن لەبارەی دەستگیركردنی سەركردەكەی داعش دەدوێت

دەستخۆشی لەو هەوڵانە كرد

ویلایەتە یەكگرتووەكان پیرۆزبایی لە عێراق دەكات بەبۆنەی دەستگیركردنی یەكێك لە سەركردەكانی داعش.

وتەبێژ بەناوی وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا (پنتاگۆن) دەستخۆشی لەو هەوڵانە كرد كە لەلایەن عێراقییەكانەوە بۆسەر داعش ئەنجامدەدرێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، هیچ زانیارییەكیان نییە لەبارەی بەشداریی هێزەكانیان لەو پرۆسە ئەمنییەدا كە بووە هۆی دەستگیركردنی (سامی جاسم محەمەد جبوری) جێگری سەركردەی پێشووی داعش.

وتەبێژەكە پابەندی واشنتن و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیشی بە پشتیوانیكردنی هێزە ئەمنییەكانی عێراق و فەرماندەكانی لە شەڕی دژ بە داعش دووپاتكردەوە.

دوێنێ مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە تویتێكدا ڕایگەیاند، “هێزە ئەمنییەكان بە هاوكاری دەزگای هەواڵگریی عێراق لە ئۆپەراسیۆنێكی قورسدا، كە لە دەرەوەی سنوور ئەنجامیانداوە، (سامی جاسم) جێگری ئەبوبەكر بەغدادی-ی گۆڕبەگۆڕی دەستگیركردووە”.

جبوری كە سەرپەرشتیاری دارایی داعش و جێگری ئەبوبەكر بەغدادی بووە، یەكێكە لە ئەندامە پێشینەكانی ڕێكخراوی قاعیدە لە عێراق و ڕۆڵی كاریگەری هەبووە لە بەڕێوەبردنی كاروبارە داراییەكانی پرۆسە تیرۆرستییەكانی داعش.

سامی جاسم كێیە؟
1- ناو: سامی جاسم محەمەد جعاتە عجوز جبوری.
2- ساڵی لەدایكبوون: 1974.
3- نازناو: ئەبو ئاسیا، حاجی حامد، ئەبو عەبدولقادر زوبەیدی.
4- منداڵەكانی: عومەر، سومیە، ئاسیا و ئەبوبەكر.
5- هاوسەر: شوكرە موتڵەگ ساڵح، سەرەڕای بە سەبایا كردنی سێ كچە ئێزدی لە شاری موسڵ.

6- ئەرك و بەرپرسیارێتییەكانی:
أ. ساڵی 2004 بەیعەتی بە ڕێكخراوی تەوحید و جیهاد داوە لەسەر دەستی ئەبو مەسعەب زەرقاوی.
ب. لە 2005/2/15 لەلایەن هێزەكانی ئەمریكاوە دەستگیركراوە و لە بەندینخانەی بوكا ماوەتەوە تا ساڵی 2010 و ئەوكات ئازادكراوە.
ج. پاش ئازادكردنی ڕاستەوخۆ ئەركی بەرپرسی ئەمنیی لە كەرتی هجێل و زاب و مەخمور پێدراوە.
د. پاش ڕووداوەكانی 2014/6/10 بووەتە بەرپرسی ئەمنیی ویلایەتی دیجلە و پاش ماوەیەكیش بووەتە جێگری والیی دیجلە.
هـ. چووەتە شام و لەلایەن ئەبوبەكر بەغدادی-یەوە وەك ئەمیری دیوانی ڕوكاز دەستنیشانكراوە.
و. بە بڕیاری ئەبوبەكر بەغداد بووەتە جێگری و پۆستی ئەمیری دیوانی بەیتول مالی تایبەت بە ئەمارەتی ڕێكخراوی داعشی پێدراوە.
ز. پاش كوژرانی بەغدادی پۆستی سەرپەرشتیاری گشتی ویلایەتی شام و بەڕێوەبردنی دۆسیەی دارایی و ئابوریی داعشی پێدراوە و لەگەڵ (ئەبو ئیبراهیم قوڕەیشی) جێگرەوەی بەغدادی كاریكردووە.

بابەتی پێشتر

دەستكاری دەنگەكانی كردووە.. فەتح داوای دادگاییکردنی ڕاوێژکارێکی کازمی دەکات

بابەتی دواتر

کۆمسیۆن هۆکاری سڕینەوەی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردن ئاشکرادەکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
27
Share