یەکێتیی ئەوروپا لەبارەی هەڵبژاردنەكانەوە: باش بوو، بەڵام بەشداری كەمبوو

نێردەی یەکێتیی ئەوروپا بۆ چاودێریی هەڵبژاردنەکان سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، هەڵبژاردنێکی باش بەڕێوەچوو سەرەڕای کەمیی بەشداریکردن و ئاڵنگارییەکانی بەردەم بوونی هەلی یەکسان لەنێوان کاندیدەکاندا.

ڤیۆلا ڤۆن کرامۆن سەرۆکی چاودێرانی نێردەی یەکێتیی ئەوروپا بۆ چاودێریکردنی هەڵبژادنەکانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژە بە بوونی کێشە لە یاسای هەڵبژاردنەکان دەکات و ڕایگەیاندووە، “پرۆسەی دەنگدان لەڕۆژی هەڵبژاردندا بەشێوەیەکی ئارام بەڕێوەچوو، بەڵام ڕێژەی پێشوازیکردن لە پرۆسەکە زۆر نزمبوو”.

یەکێتییەکە ڕەخنە لە چوارچێوەی یاسایی هەڵبژاردنەکە دەگرێت بەوەی کۆمەڵێک کۆتوبەندی بێبنەما لەبەردەم مافەکانی هەڵبژاردن لەخۆدەگرێت، سەرەڕای بوونی ئاڵنگاریی جددی لەبەردەم مافی کاندیدەکان لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا.

سەرۆکی چاودێرانی نێردەی یەکێتیی ئەوروپا دەڵێت، “ئازادیی ڕادەربڕین و ڕاگەیاندن بەتەواوی لە بانگەشەی هەڵبژاردندا پارێزراو نەبووە، چونکە هەندێک لە ڕۆژنامەنووسان هەڕەشەیان لێکراوە و زیندانیی درێژخایەنیان بەسەردا سەپێنراوە”.

ئەمە جگە لەوەی یەكێتیی ئەوروپا پێی وایە “سنووردارێتی هەبوو لە بەشداریی ژنان لە دەرەوەی کۆتای پێشبینیکراو”.

سەرەڕای ئەوەش جەخت لە چارەسەرکردنی سکاڵاکان دەکاتەوە لەڕێگەی سکاڵای یاسایی بەردەست، کە لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان هەن، دڵنیاییش دەدات كە چاودێرانی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق دەمێننەوە بۆ چاودێریکردنی پێشهاتەکانی دوای هەڵبژاردن.

بابەتی پێشتر

لیستەكانی سەر بە حەشدی شەعبی ئەنجامی هەڵبژاردن ڕەتدەكەنەوە و هەڕەشەدەكەن

بابەتی دواتر

نێچیرڤان بارزانی: ڕێژەی دەنگدان پەیامە بۆ هەموو حزبەکان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share