زانکۆلاین درێژکرایەوە

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ماوەی زانکۆلاینی بۆ 48 كاتژمێری داهاتوو درێژكردەوە ئەویش بەهۆی ئەوەی سبەی ڕۆژی دەنگدانەو هاوڵاتییان سەرقاڵی پرۆسەكەن.

عەباس ئەکرەم، وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند، “لەپێناو پێدانی دەرفەتی زیاتر بە دەرچوانی دوانزەی ئامادەیی بۆ ئەوانەی تا ئێستا فۆڕمی زانکۆلاین یان پڕنەکردووتەوە یان تەواویان نەکردووە، هەروەها بەهۆی ئەوەشی سبەی ڕۆژی دەنگدانە و هاوڵاتییان سەرقاڵی پرۆسەی دەنگدانن، وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاریدا ماوەی زانکۆلاین 48 كاتژمێری دیكە واتە تا كاتژمێر 12ی شەوی ڕۆژی دووشەممە بۆ دەرچوانی قۆناغی دوانزەی ئامادەیی درێژبکرێتەوە”.

باسی لەوەشكرد، “لەپێناو بەرژەوەندی گشتیی و پێدانی دەرفەتی زیاتر بە دەرچوان، کە بەهەر هۆکاربێت نەیانتوانیوە فۆڕمی زانکۆلاین پڕبکەنەوە، لە ئێستادا دەتوانن سوودمەندبن لەم دەرفەتە و فۆڕمی زانکۆلاین تەواوبکەن.”

وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا جەختی لەوەشكردەوە، ئەوە دوایین دەرفەتە و چیتر ماوەی زانکۆلاین درێژناکرێتەوە، بۆیە داوا لە دەرچوانی قۆناغی دوانزەی ئامادەیی دەکەن، کە تا ئێستا فۆڕمی (زانکۆلاین) یان پڕنەکردۆتەوە، پێویستە لەوماوەیەدا پەلەبکەن و تەواوی هەوڵەکانیان بخەنە گەڕ بۆ پڕکردنەوە و تەواوکردنی فۆڕمی زانکۆلاین.

بابەتی پێشتر

فڕۆكەجەنگییەكانی عێراق حەشارگەیەكی داعشیان لە خانەقین بۆردومانكرد

بابەتی دواتر

ناوی "کامپ نو"ی یاریگای بەرشلۆنە دەگۆڕێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share