ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم: چەند هێرشێکمان پوچەڵکردەوە کە لەلایەن گروپە تیرۆریستییەکانەوە پیلانی بۆدانرابوو

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە 26ی تشرینی یەکەم، ڕایگەیاند کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا چەند هێرشێکییان پوچەڵکردووەتەوە کە کونسوڵگەری و دیپلۆماتکارانیان لە هەرێمی کوردستان کردبووە ئامانج و چەند کەسێکیش بەوهۆیەوە دەستگیرکراون.

لە ڕاگەیەنراوێکدا کە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە ڕایگەیاند،” لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی ئاسایشدا، دوو پیلان پوچەڵکرانەوە کە یەکێکیان لە لایەن پارتی کرێکارانی کوردستان ( پەکەکە) پیلانی بۆ دانرابوو بەڵام بە هاوکاریی و هەماهەنگیی نێوان هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش و هەواڵگریی و دژە تیرۆری هەرێمی کوردستان پووچەڵکرانەوە”.

سەبارەت بەوکەسانەی لەپشت پیلانی هێرشەکانەوە بوون، ڕاگەیەنراوەکە دەڵێت، ” هەندێک لە پیلان داڕێژەرانی ئەم هەوڵانە، پەیوەندییان لەگەڵ خەڵکی دەرەوەی عێراق و دانیشتووی وڵاتانی ئەوروپاوە هەیە و لە لایەن ئەوانەوە ئاڕاستەکراون”.

ڕاگەیەنراوەکەی ئەنجومەنی ئاسایش ئاماژەی بۆئەوەشکردووە، ” ئەو کەس و لایەنانەی کە بڕیار بوو بکرێنە ئامانجی ئەم هێرشە تیرۆریستیيانە، ئاگادارکراونەتەوە و ڕێکاریی پێویستیش، لەپێناو پاراستنی دیپلۆماتکاران و خاوەنکارانی بیانی لە هەرێمی کوردستان گیراوەتەبەر”.

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان وتویەتی، ” دوای لێکۆڵینەوە و بەداوداچوونی ورد، هێزەکانی پۆلیس و ئاسایشی هەرێم، چەندین کەسیان لە پەیوەند بەم پیلانەدا دەستگیر کردووە، لەڕێگەی پۆلیسی نێودەوڵەتيش( ئینتەرپۆل)ەوە داوای هەماهەنگیی وهاوکاریی، لە هاوکارە نێودەوڵەتییەکانمان دەکەین بۆ دەستگیرکردنی کەسانی دیکەی تێوەگلاو لەم پیلانەدا”.

ڕاشیگەیاندووە، “لە کەیسی یەکەمدا 12 کەسی گومانلێکراو هەن کە پەیوەندییان بە پەکەکەوە هەیە، هەروەها چەندین کەسی دیکەش تێوەگلاون کە لە چەند وڵاتێک نیشتەجێن لە نێویشیاندا ئەوروپا، کە پیلانی هێرشکردنە سەر کونسوڵگەرییەک لە هەولێر و تیرۆرکردنی دیپلوماتکارانی ناو کونسوڵگەرییەکە و پەلاماردانی کۆمپانیا تایبەتەکانی ئەو وڵاتەیان لە هەرێم داڕشتبوو”.

ئەنجومەنی ئاسایش دەڵێت، “ئەمە جیا لە هەوڵەکانیان بۆ پەلاماردان و هێرشکردنە سەر کۆمپانیا و براندە جیهانییەکان و وڵاتانی ڕۆژئاوا لە هەرێمی کوردستان، لە دوای چاودێریکردنی گروپەکە لە لایەن هێزەکانی ئاسایشەوە بۆ زیاتر لە چوار مانگ، توانرا چەندین گومانلێکراو دەستگیر بکرێن لە نێویاندا دوو هاوڵاتیی سووری هەن”.

ئاماژەی بەوەشکردووە گومانلێکراوان بەپێی ماددەی 1 ی یاسای 21 ی ساڵی 2003 ڕوبەڕووی دادگا دەکرێنەوە.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، “لە کەیسی دووەمدا، دوای زیاتر لە ساڵێک بەدواداچوون، تا ئێستا هەشت کەس دەستگیرکراون و هەموویان هاوڵاتیی عێراقیین، ئەم گروپە هەوڵی تیرۆرکردنی پارێزگارێکی هەرێمی کوردستان و ئەنجامدانی چەندین کاری توندوتیژییان لە هەرێم بە گشتی و پارێزگای دهۆک بەتایبەتی داوە، هەروەها پلانی هێرشکردنە سەر دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و تێکدانی ئاسایشی هەرێمیان داڕشتبوو”.

هەروەها ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم باسیلەوەکردووە کە گرووپی سێیەم، دوای بەدواداچوون و ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی دژەهەواڵگریی بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک دەستگیرکراون، هێزەکانی پۆلیس توانیان حەوت کەسی گومانلێکراو کە هەموویان هاوڵاتیی عێراقیین، بە پێی ماددەی 1 ی یاسای 21 ی ساڵی 2003 و بە بڕیاری دادگا دەستگیر بکەن.

“بەداوداچوونەکان بەردەوامن بۆ دەستگیرکردنی گومانلێکراوانی دیکە کە بەشێکن لە تۆڕێک کە چەند ساڵێکە دروستکراوە بۆ کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگری و سەربازيی لە بارەی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەرپرسەکانی، هەروەها پلانی کوشتنی بەرپرسێکی باڵای هەواڵگری و دادوەرێکیان دانابوو، گروپەکە زانیارییان لە گەڵ چەند لایەنێک لە نێویاندا پەکەکە، ئاڵوگۆڕ کردووە” ئەنجومەنی ئاسایش وادەڵێت.

ڕاگەیەنراوەکە دەڵێت، “ئێمە حکومەتە بیانی و دەزگا هەواڵگرییە پەیوەندیدارەکانمان لەم ئۆپەراسیۆنە و ئەو زانیارییانەی تاوەک ئێستا بە دەستمان خستوون، ئاگادار کردووەته‌وه‌”.

دەشڵێت، “ئەم ئۆپەراسیۆنانە دەریدەخات کە هەڕەشەیەکی بەردەوام لە سەر ئاشتی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام هێزەکانی ئاسایش، چالاکانە ئەرکەکانیان ڕادەپەڕێنن و بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادەن، ڕەوشی ئارام و ئاسایشی هەرێمی کوردستان تێکبدرێت”.

بابەتی پێشتر

وێنە.. ئەو قوماشانەی لە بەشێک لە شەقامەکانی سلێمانی هەڵواسراوە چیین؟

بابەتی دواتر

کەسێک لە ڕوبەڕوبوونەوەی پۆلیسی دهۆکدا کوژرا

بابەتی پەیوەندیدار