بافڵ تاڵەبانی: هاوپەیمانیی یەكێتی و گۆڕان بۆ یەکڕیزی و تەبایی ماڵی کوردە لە بەغداد

بافڵ تاڵەبانی ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بەستنی هاوپەیمانیی لەنێوان یەكێتی و گۆڕاندا ھەوڵێکی نیشتمانییە بۆ یەکڕیزی و تەبایی ماڵی کورد و دەیانەوێت پێکەوە داکۆکی لەمافەکانی گەلی کورد بکەن لە بەغداد و زامنی مافە دەستوورییەکان بکەن.

بافڵ تاڵەبانی ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەدەباشان پێشوازی کرد لە وەفدێکی پارتی دیموکراتی گەلان ( ھەدەپە ) کە پێکھاتبوون لە مەرال داناش بەشتاش سەرۆکی کۆما هەدەپە لە پەرلەمانی تورکیا، مەحمود تۆخرۆل ئەندامی ڕێڤەبەری ئەنجومەنی گشتی لەتورکیا و حیکمەت هاتیپ نوێنەری هەدەپە لە باشوری کوردستان.

بەپێی ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكەش، لەدیدارێکدا شاناز ئیبراھیم ئەحمەد کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و ئەمین بابە شێخ و دکتۆر سۆران جەمال تاھیر ئەندامانی مەکتەبی سیاسی ئامادەیبوون تەئکید لە پەرەپێدان و فراوانکردنی ئاسۆی پەیوەندییەکان لەنێوان لایەنەکان کرایەوە بەئامانجی لێکتێگەیشتن و دۆزینەوەی زمانی ھاوبەش بۆ زاڵبوون بەسەر کێشەو گرفتەکان و بوونی بەردەوامی ڕاوێژ بەفاکتەرێکی بەھێز لەقەڵەم درا و ڕۆڵی سەرۆک مام جەلال بەگرنگییەوە ئاماژەی پێکرا لەبنیادنانی پەیوەندییەکی باش لەنێوان ھەموواندا .

بافڵ تاڵەبانی دووپاتی لەسیاسەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کردەوە بۆ چارەسەرکردنی سیاسیانەو ئاشتیانەی کێشەکان و ڕایگەیاند پشتیوانی لەو ھەوڵانەدەکەین کە ئارامی و ئاسایش لەناوچەکە دەچەسپێنێت و گیانی پێکەوەژیان دەبوژێنێتەوە.

لەبارەی ھاوپەیمانی کوردستان لە نێوان یەکێتی و گۆڕاندا، بافڵ تاڵەبانی دەڵێت، “ئەم ھەنگاوە ھەوڵێکی نیشتمانییە بۆ یەکڕیزی و تەبایی ماڵی کورد و دەمانەوێت پێکەوە داکۆکی لەمافەکانی گەلی کورد بکەین لە بەغداد و زامنی مافە دەستوورییەکانمان بکەین .”

هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەكە، لەبەرامبەردا وەفدی ھەدەپە پێشوازییان لەھاوپەیمانی کوردستان کرد و بەھەنگاوێکی گرنگیان بۆ داکۆکی لەمافی کورد لە بەغداد وەسفکرد .

بابەتی پێشتر

سبەی ڤیستیڤاڵی پایزەی بەرهەمە ناوخۆییەكان لە سلێمانی دەكرێتەوە

بابەتی دواتر

دوایین نمونەی گڵی سەر مانگ زانایانی سەرسام كردووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share