لە وتارێكیدا بەهۆی ساڵڕۆژی خۆپیشاندانەكانی عێراقەوە، مستەفا كازمی ڕایگەیاند، یادی خۆپیشاندانەكانی تشرینی عێراق بەرز ڕادەگرێن و داوا لە گەنجانیش دەكات ڕێگا نەدەن خۆپیشاندانەكان لە ڕێڕەوی خۆیان دەرچن.
كازمی ئەوەشی خستەڕوو، “خۆپیشاندانی ئاشتییانە مافی هەمووانە و ئەركی هێزە ئەمنییەكانە كە بیانپارێزن”.
لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا كازمی ئاشكرایكرد، “ئامانجی حكومەت ئامادەكارییە بۆ هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد و سوورین لەسەر ئەوەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق لەكاتی خۆیدا لە 6ی حوزەیرانی ساڵی داهاتوو بەڕێوەبچێت”.
سەرۆكوەزیرانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، “پشت بە سیستمی بایۆمەتری دەبەستین بۆ دەنگدان، سەرجەم كەلێنە تەكنەلۆجی و كارگێرییەكان دادەخەین، دەرگا لە بەردەم هێزە سیاسی و شەعبییەكان كراوەیە بۆ دەربرینی ڕای خۆیان و ڕیزەكانی خۆیان ڕێكبخەنەوە و شەریفانە و بەرپرسانە بێنە ناو هەڵبژاردنەكانەوە”.
كازمی ئاماژە بەوەشكرد، وێڕای بوونی قەیران پێداویستییەكانی خەڵكی دەستەبەر كردووە و كاغەزی سپی بۆ چاكسازی خستوەتەڕوو.