یەکێتیی پیاوان: لە شەش مانگی ئەمساڵدا 33 پیاو بەهۆی توندوتیژیی ژنانەوە گیانیان لەدەستداوە

سەرۆکی ڕێکخراوی یەکێتیی پیاوانی کوردستان، ئاماژە بۆ بەرزبوونەوەی ئاماری توندوتیژیی ژنان بەرامبەر هاوسەرەکانیان بەڕێژەیەكی بەرز دەکات و دەڵێت، “تەنها لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا دەیان پیاو بەهۆی توندوتیژیی هاوسەرەکانیانەوە گیانیان لەدەستداوە”.

لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا بورهان عەلی سەرۆکی ڕێکخراوی یەکێتیی پیاوان ڕایگەیاند، “تەنها لە پارێزگای سلێمانی لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2021دا 33 پیاو بەهۆی توندوتیژیی ژنان بەرامبەریان گیانیان لەدەستداوە، هەشت لەوانە بە هاوکاریی نێوان ژنەکانیان و کەسانی دیکە کوژراون”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە شەش مانگی ڕابردوودا 279 سکاڵای پەیوەست بە توندوتیژیی ژنان بەرامبەریان لەلایەن پیاوانەوە تۆمارکراون.

بەپێی ئەو ئامارانەی تێیدا توندوتیژیی دژی پیاوان لە ساڵی 2014 تاوەکو ساڵی 2021 خراونەتەڕوو، دەردەکەوێت لە ساڵی 2014دا 409 سکاڵا و پێنج حاڵەتی کوشتنی پیاوان تۆمارکراون و 60 پیاویش خۆیان کوشتووە، لە ساڵی 2015دا ئامارەکە بەرزبووەتەوە بۆ 526 سکاڵا و شەش حاڵەتی کوشتنی پیاوان و 63 حاڵەتی خۆکوشتن، ساڵی 2016ش 583 سکاڵا تۆمارکراون، هەشت حاڵەتی کوشتن و 70 حاڵەتی خۆکوشتن تۆمارکراون.

لە ساڵی 2017دا پێنج پیاو کوژراون و 47 حاڵەتی خۆکوشتن و 61 سکاڵا تۆمارکراون، لە 2018دا 558 سکاڵا و پێنج حاڵەتی کوشتن و 112 حاڵەتی خۆکوشتن تۆمارکراون.

 

وەك ئامارەكە ئاشكرایكردووە، لە ساڵی 2019دا پێنج حاڵەتی کوشتن و 84 خۆکوژی و 558 سکاڵا تۆمارکراون، هەروەها لە ساڵی 2020دا 553 سکاڵا و هەشت حاڵەتی کوشتن و 90 حاڵەتی خۆکوژی تۆمارکراون.

سەرۆکی یەکێتیی پیاوان هۆکاری زیادبوونی حاڵەتەکانی توندوتیژیی دژی پیاوان بۆ هۆکاری جۆراوجۆر دەگێڕێتەوە لەوانە هۆکاری ئابوری، هۆکارەکانی پەیوەندیکردن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.

بابەتی پێشتر

فەڵەستین.. بەهۆی پێكدادان لەگەڵ سوپای ئیسرائیل دەیان خۆپیشاندەر برینداربوون

بابەتی دواتر

نەتەوە یەکگرتووەکان: جیهان ڕووبەڕووی بەرزبوونەوەیەکی کارەساتباری پلەکانی گەرما دەبێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
4
Share