بیر لە جیهانێکی بێ ئینتەرنێت بکەرەوە بۆ ماوەی چەند مانگێک.. گەردەلولێکی کارەساتبار ڕوو لە زەوی دەکات

ناتوانین بیر لە دۆخی جیهان بکەینەوە لە نەبوونی ئینتەرنێتدا، بەهۆی ئەوەی گەورەترین کەرتەکانی وەک ئابوری، فێرکردن و بوارە گرنگەکانی پەیوەست بە ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤ بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بە ئینتەرنێت دەبەستن، بەڵام توێژینەوەیەکی زانستیی نوێ دەریدەخات گەردەلولێکی هەتاوی لە زەوی دەدات و بۆ ماوەی چەند هەفتە یان مانگێک جیهان بێ ئینتەرنێت دەکات.

توێژینەوەکە ئاماژەی بەوەکردووە، تائێستا هیچ بەرنامە و پرۆتۆکۆلێک پێشبینی نەکراوە بۆ چۆنێتیی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ڕووداوەدا.

لە کۆنگرەی داتا و پەیوەندییەکاندا  SIGCOMM 2021 توێژینەوەیەک خرایەڕوو، ئەو کێبڵانەی لەقوڵایی دەریا و زەریاکاندا هەن، بەهۆی گەردەلولێکی هەتاوییەوە بۆ ماوەی چەند هەفتە یان مانگ لەکار دەکەون و جیهان ڕوبەڕووی نەبوونی ئینتەرنێت دەکەنەوە.

ڕوونیکردووەتەوە، بەبەردەوامیی زەوی ڕووبەڕووی شەپۆلی تەنۆچکە وردەکانی دەکاتەوە کە بە گەردەلولی هەتاوی ناسراوە، بەڵام ڕووپۆشە موگناتیسییەکەی هەسارەکەمان ڕێگری لە بەشێکی گەورەی ئەو تەنۆچکانە دەکات بگەنە زەوی و زیانی ڕاستەوخۆ بە زەوی و دانیشتووانەکەی بگەیەنێت، هەروەها بەشێکی دیکەشی ڕوودەکاتە جەمسەرەکانی زەوی و لەئەنجامدا ڕووناکییە جەمسەرییەکان دروستدەبێت.

توێژینەوەکە هۆشداریداوە لەوەی لەهەندێک حاڵەتدا کە لە سەدەیەک یان زیاتردا جارێک ڕوودەدات، برێکی زۆر لە تەنۆچکەکانی خۆر لەشێوەی گەردەلولێکی هەتاویی بەهێزدا لە زەوی دەدات و ڕووبەڕووی کارەساتی دەکاتەوە، ئەو گەردەلولە ئەگەری زۆرە جیهان بۆ ماوەی چەند هەفتە یان مانگێک بێ ئینتەرنێت بکات.

لەوبارەیەوە سانجیسا جیۆتی پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانکۆی کالیفۆرنیا کە خاوەنی توێژینەوەکەیە دەڵێت، ئەو کارەساتە هاوشێوەی کۆرۆنا کە جیهان هیچ ئامادەکارییەکی بۆ نەکردبوو دەکرێت ڕووبەڕووی زەوی ببێتەوە بەبێئەوەی هیچ پرۆگرام و پرۆتۆکۆلێکی ڕوون هەبێت بۆ چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ڕووداوەدا.

پێشتر زەوی دوو جار لەو جۆرە گەردەلولە بەهێزانەی بۆخۆوە بینیوە یەکێکیان لە ساڵی 1859 و ئەوی دیکەیان لە ساڵی 1921دا، توێژینەوەکە جەختیکردووەتەوە ئەو کێبڵانەی ئینتەرنێت کە لە ژمارەیەک ناوچەی دیاریکراو لەقوڵایی دەریا و زەریاکاندا هەن توشی زیان دەبن و جیهان بێ ئینتەرنێت دەکەن و کیشوەرەکان لەیەکتر دادەبڕن.

 

بابەتی پێشتر

وەزارەتی پلاندانانی عێراق گەشەی دانیشتووان و پێشبینییەکانی بۆ 2050 ئاشکرادەکات

بابەتی دواتر

پەنابەرێكی دیكە لە كەمپی هول كوژرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share