وەزارەتی دارایی و ئابوریی حکومەتی هەرێم ڕێنماییەكی دەركرد لەبارەی وەرگرتنەوەی پارە لەو كەسانەی دوو موچەیان وەرگرتووە، ئەو كەسانەی لە 1/7/2020 بەدواوە دوو موچەیان وەرگرتووە، ئەو پارەیەیان لێوەردەگیرێتەوە.
بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم، ئەو كەسانەی پێش 1/7/2020 دوو موچەیان وەرگرتووە، پارەیان لێوەرناگیرێتەوە، بەڵام ئەوانەی لەدوای ئەو بەروارەوە زیاتر لە موچەیەكیان وەرگرتووە، لێیان وەردەگیرێتەوە و تەنها ئەو موچەیە وەردەگرێت کە موچەخۆرەکە هەڵیبژاردووە.
لە خاڵێکی دیکەی ڕێنماییەكەدا، وەزارەتی دارایی ڕێکارەکانی لێوەرگرتنەوەی پارەکەی لە موچەخۆر ڕوونکردوەتەوە و دەڵێت، “بڕی لێوەرگرتنەوەکە لە موچەخۆر بە ڕێژەی (5/1)ی کۆی موچەکەی (بنەڕەتی و دەرماڵە) زیاتر نەبێت”.
وەزارەتی دارایی ئاشکرایکردووە، ئەو بڕیارانە لەدوای بڵاوبوونەوەی ڕێنماییەكە لە ڕۆژنامەی وەقائعی کوردستان کاری پێدەکرێت.
هۆكاری دیاریكردنی 1/7/2020 لەلایەن وەزارەتی داراییەوە بۆ جیاكردنەوەی وەرگرتنەوە و وەرنەگرتنەوەی پارە لەو كەسانەی دوو موچەیان هەیە، ئەوەیە كە لەو بەروارەوە یاسای چاكسازی لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دەست بە جێبەجێكردنی كراوە.