پێوەری زیرەک کێشە دەخاتە نێوان کارەبای سلێمانی و گوندێکەوە

دوای ئەوەی ستافی دانانی پێوەری زیرەک سەردانی گوندی “بێستانسوور”یان کرد لە قەزای شارەزوور، دانیشتووانی گوندەکە خزمەتگوزارییەکەیان ڕەتکردەوە و بە دەستکاریکردن و خراپکردنی کارەباکەیان ناویانهێناوە.

لەبارەی ئەو پرسەوە بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی دەڵێت، ” کاتێک ستافى بەستنى پێوەرى زیرەکى کارەبا چوونەتە سنوری شارەزوور، دانیشتووانى گوندى (بێستانسوور) رێگرییان کردووە لە بەستنى پێوەرى زیرەک، کە پرۆژەیەکى گرنگى حکومەتى هەرێمى کوردستانە و دەبێت بۆ هەموو هاوبەشانى کارەبا لەسەرتاسەرى کوردستان دا دابنرێت، ئەوان رێگرییان کردووە، بۆئەوەى بەئارەزووى خۆیان بەبێ (پێوەر) کارەبا بەکاربهێنن”.

کارەبای سلێمانی ئاشکراشیکردووە، لە ئێستادا بەرنامەى کارەبای گوندەکە کراوە بە 18 کاتژمێر، شەش کاتژمێر کەمکراوەتەوە، لە کاتێکدا لە ناو شارى سلێمانى 12 بۆ 13 کاتژمێر کارەبا هەیە، ئەو بەرنامەیەش لەسەر داواى (فەرمانگەى ئاوى) سنوورەکە دانراوە، بەرنامەکە کاریگەرى لەسەر دابەشکردنى ئاو لە سنوورەکە نابێت”.

دانیشتووانی گوندی بێستانسوور، لەبارەی ئەو کێشەیەوە لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێن، ” کارەبای سلێمانی دەیەوێت بە دانانی ئامێری کوژاندنەوە و هەڵکردن کە خۆیان ناویان ناوە پێوەری زیرەک، کارەبای گوندەکەمان جیابکەنەوە و بیبڕن، بۆیە داواکارین کارەبای سلێمانی واز لەو کردارانەی بهێنێت”.

دانانی پێوەری زیرەک سیستمێکی زیرەکی نوێیە و وەزارەتی کارەبا دەیەوێت لەڕێگەی ئەو سیستمە و بەستنەوەی بە داتا سەنتەرێکەوە، کۆنتڕۆڵی کارەبا لە دەستی خۆیدا بێت و کۆتایی بهێنێت بە دیاردەی بەفیڕۆدانی کارەبا.

بابەتی پێشتر

ئەو بڕە پارەیەی تەرخانکرابوو بۆ ئاودانی سەوزاییەکانی سلێمانی ڕەوانەکرا

بابەتی دواتر

تیمی پارێزه‌رانی سزادراوانی بادینان: بەندکراوانمان ئازار دەدرێن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share