چۆن بتوانیت بە مۆبایلە زیرەکەکەت فۆتۆی جوان و سەرنجڕاکێش بگریت

مۆبایل فۆتۆگرافی فۆتۆ: GETTY

مۆدیلەکانی ئایفۆن ١١ پرۆ، سامسۆنگ گالاکسیی ئێس ١٠ پلەس و گووگڵ پیکسڵ ٤، باشترین جۆرەکانی کامێرایان هەیە کە بتەوێت بیکڕیت و چەندین فۆتۆی پێ بگریت کە هێندەی فۆتۆی کامێرا دیجیتاڵییەکان جوان بن. ئەوە باشتریشە کە تۆ هەمیشە مۆبایلەکەت پێیە و هەرکاتێک پێویست بکات دەتوانیت فۆتۆکە بگریت. تەنانەت مۆبایلە هەرزانەکانی وەکو هواوی پی٣٠ پرۆ و وەن پلەس ٧ پرۆ یان مۆتۆرۆلا مۆتۆ جی٧ دەتوانن فۆتۆی سەرنجڕاکێشیان پێ بگیرێت و چەندین لێنزیان هەیە بۆ ئەنجامێکی جوان و داهێنەرانە.

هەرگیز مەوەستە لە فۆتۆگرتن
لە کاتێکدا مۆبایلەکەت هەمیشە لە جانتا و ناو دەستتدایە، هیچ ڕێگرییەک نییە لە گرتنی فۆتۆیەکی باش. ئەوەندەی دەتوانیت فۆتۆ بگرە- ئەوە ڕاهێنانێکی باشە، بەتایبەتی ئەگەر لە بواری فۆتۆگرافیدا تازە بیت.

تا زیاتر فۆتۆ بگریت، زیاتر چرکەساتی ئەو کاتانە دەگریت کە باڵەخانەیەک سێبەرێکی جوان دروست دەکات، یان فۆتۆی دوو خۆشەویست، یان تیشکی خۆر کە دەمەوئێواران بەرەو ئاوابوون دەچێت. بەم شێوەیە زیاتر لە ستایلی خۆت تێدەگەیت و فێر دەبیت چۆن گۆشە و ڕێکخستنەکان بەکاربهێنیت تا بەباشترین شێوە فۆتۆی دیمەنێک بگریت. لە کۆتایی ڕۆژەکەتدا دانیشە و سەیری فۆتۆکان بکەرەوە کە گرتووتن. سەرت دەسوڕمێت کە چەندێک فێر دەبیت و چەندیش چوویتەتە پێش.
لە گۆشەکەتەوە داهێنەر بە 
دیمەنە ئاساییەکان لە گۆشەیەکی تازەوە سەیر بکە. ئەو قادرمە کۆنکرێتەی هەمیشە بەسەریدا دەڕۆیت بۆ ئیش ڕەنگە لە کاتژمێر ٨:٣٠ـی بەیانیدا ناشرین و تاریک دەرکەوێت، بەڵام ئەگەر زیاتر سەرنجی بدەیت ڕەنگە بە شێوازێکی سەرنجڕاکێش بیبینیت.
خۆچەماندنەوە و فۆتۆگرتن لە ئاستی نزمەوە دیمەنێکی تاریک دەگۆڕێت. بۆچی بەسەر ئەو قادرمانەدا سەرنەکەویت و لە سەرەوە فۆتۆی کۆمپیوتەرەکانی دیکە بگریت، یان سەیری سێبەری شتەکانی دەوروبەرت بکەیت؟ فۆتۆگرافە شارەزاکان بە دوای خاڵی گرنگ و ڕووناکیی باش و شێوازی تاک و نامۆدا دەگەڕێن و بە ئاسانی گۆشە و ڕێکخستنی باش دەدۆزنەوە.
بە دوای ڕووناکیدا بگەڕێ
فۆتۆگرافی پێویستی بە ڕووناکییە، هیچ کامێرایەکیش ناتوانێت فۆتۆیەکی جوان بگرێت لە شوێنێکی تەواو تاریکدا. کاتێک ڕووناکیی تیشکی خۆر نامێنێت، دەبێت ڕووناکیی خۆت بدۆزیتەوە. وەک دەستپێک شەقامەکانی شار شوێنێکی باشن- ڕووناکیی ئۆتۆمبێلەکان و گڵۆپی سەر شەقامەکان و ڕووناکیی پەنجەرەی دوکانەکان سەرچاوەیەکی باشی ڕووناکین، بۆ فۆتۆگرتن لە شەودا.
تەکنیکێکی باش ئەوەیە سەرەتا سەرچاوەی ڕووناکییەکەت بدۆزیتەوە و چوارچێوەی فۆتۆکە دانێیت و پاشان چاوەڕێ بکەیت تا کەسێک دەچێتە ناوی.
کۆنترۆڵی تەواو بگرە دەست
بەرنامە ستانداردەکانی کامێرای زۆربەی مۆبایلەکان نموونەیین بۆ وێنەگرتنی خێرا- بەتایبەتی لەسەر ئایفۆن کە کەمترین کۆنترۆڵی رێکخستنی تێدا دەکرێت. بەڵام گەر دەتەوێت کەمێک داهێنان بکەیت، ئەوا پێویستە خۆت دەستکاریی ڕێکخستنەکانی کامێراکە بکەیت تا ئەنجامێکی هونەریت دەستبکەوێت. دەتوانیت دەستکاریی کامێرای زۆرێک لە مۆبایلەکانی سیستمی ئەندرۆید بکەیت و کۆنترۆڵی ڕێکخستنەکانی وەکو خێرایی چرکاندن و هاوسەنگیی دابەشبوونی ڕەنگەکان.
وەک بەکارهێنەری ئایفۆن، پێویستت بە بەرنامەی سێیەم دەبێت. کۆمەڵێک بەرنامەی وەکو VSCO و MuseCam (هەردووکیان بەخۆڕایین) ڕێت پێ دەدەن دەستکاریی ڕێکخستنی دیاریکراوی کامێراکە بکەیت. خاوکردنەوەی خێرایی چرکاندن، جووڵەی ناو دیمەنەکە تەڵخ دەکات، ئەمەش ڕیگەیەکی زۆر باشە بۆ ئەوەی وا دەربکەوێت فۆتۆکە جووڵەیەکی تێدایە، لەکاتیکدا تەنها فۆتۆیەکی وەستاوە.

ئیدیتیان بکە تا کاریگەریی زیاتریان هەبێت
دوای فۆتۆگرتنەکە شتی زۆر زیاتر هەن کە بتوانیت لەسەر فۆتۆکە بیکەیت، زۆرینەی کاتەکان پرۆسەی ئیدیتکردنەکەیە کە دەیکات بە پارچەیەکی هونەری “ئۆو، واو”. ڕێ بە هیچ کەس مەدە کە پێت بڵێت ئیدتکردن خراپە – بەگشتی هەموو فۆتۆ پرۆفیشناڵەکان جۆرێک لە ئیدیتکردنیان تێدا کراوە.
جگە لە هەڵبژاردنە سەرەتاییەکانی ناو کامێراکان، دونیایەک بەرنامە هەن کە چەندین تایبەتمەندیی پێشکەوتوویان تێدایە، بەرنامەکانی Adobe Lightroom Mobile و Snapseed دوو بەرنامەی زۆر باشن لەسەر سیستمی ئەپڵ و ئەندرۆیدیش. هەموویان چەندین فیلتەر و چوارچێوە و ئیفێکتی هەمەجۆریان تێدایە کە دەتوانن فۆتۆکەت بە باشترین شێوە بگۆڕن. بزانە فۆتۆکەت بە ڕەنگە جیاوازەکان چۆن دەردەکەوێت.

ئەم بەرنامەی ئیدتکردنانەن دابەزێنە:
VSCO
MuseCam
Slow Shutter Cam
Adobe Photoshop Express
Camera+
Snapseed
بەکارهێنانی لێنز بۆ نزیککردنەوە
دەتوانیت بە لێنزی نزیککەرەوە فۆتۆکە بهێنیتە نزیکەوە و کوالیتیی فۆتۆکە کەم نەبێتەوە. ئەم جۆرە لێنزە لە مۆبایلەکانی ئایفۆن ئێکس ئێس و گالاکسیی ئێس ١٠ پلەس و هواوی پی ٣٠ پرۆ و ئەوانی دیکەدا هەیە. کاتێک فۆتۆی دیمەنێک دەگریت نزیکی بکەرەوە تا بزانیت چۆن دیارە، ڕەنگە گۆشەیەکی جوانتر دروست بکات — بە سەرنجخستنە سەر دەربڕینی کەسەکان و وردەکارییەکانی دیکە.
گرتنی فۆتۆی پۆرترەیت
ئەو مۆبایلانەی کە شێوازی پۆرترەیتیان تێدایە، هەردوو لێنزی نزیککەرەوە و بەرنامەی تەڵخکردنی بەشی پشتەوەی تێدا بەکاردێت. ئەو شێوازی ڕەسمگرتنە شتە سەرەکییەکە لە بەشی پشتەوە جیا دەکاتەوە و وێنەیەک دەردەچێت کە قورسە جیای بکەیتەوە کە ئایا بە کامێرایەکی دیجیتاڵی گیراوە یان نا.

فۆتۆگرافی پێویستی بە ڕووناکییە

بۆ گرتنی وێنەیەکی پۆرترەیتی سەرنجڕاکێش وا باشترە لە دەرەوە لە بۆشاییەکی کراوە و ڕووناکدا بیگریت. بە دوای باکگراوندێکدا بگەڕێ کە زۆر قەرەباڵغ نەبێت تا شتە سەرەکییەکە دەرکەوێت. هاوڕێیەکت قایل بکە کە دوای نیوەڕۆیەک بیکەیت بە مۆدێل و لە هەموو دووری و گۆشە و باکگراوندێک وێنەی بگریت تا بزانیت فۆتۆکان چۆن دەردەچن.
بابەتی پێشتر

چی بەسەر لەشتدا دێت کاتێک زیاد لە پێویست بیردەکەیتەوە؟

بابەتی دواتر

٩ پرسیار لەبارەی تورکیا و سووریا و کوردانەوە؛ جیهان دوودڵ بوو لە پرسینیان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share