بافڵ تاڵەبانی: لەمەودوا ڕێگەنادرێت ھێزەکانی یەکێتی بۆ مەرامی شەخسی و بەرژەوەندیی تایبەت بەکاربھێنرێت

بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەمیانی پێشوازیكردنی لە لێپرسراوی هێزەکانی فەڕەنسا لە عێراق و جێگرەوەی داهاتووی ڕایگەیاند، لەمەودوا ڕێڕەوی ڕێکخراوەیی بەڕێگایەکی تەندروستدا تێدەپەڕێت و بەھیچ شێوەیەک ڕێگەنادرێت ھێزەکانی یەکێتی کە ھێزی نیشتمانی و جێی متمانەی ھەموولایەکن بۆ مەرامی شەخسی و بەرژەوەندیی تایبەت بەکاربھێنرێت.

بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازیکرد لە کۆڵۆنێل ئەشیڵ، لێپرسراوی هێزەکانی فەڕەنسا لە عێراق و سوریا و کۆڵۆنێڵ فڕانچ، جێگرەوەی داهاتووی.

لە دیدارێکدا کۆڵۆنێل ئەشیڵ، لێپرسراوی هێزەکانی فەڕەنسا لە عێراق و سوریا بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و کۆڵۆنێڵ فڕانچ، جێگرەوەی داهاتووی ناساند و سوپاسی یەکێتی کرد لەبەرامبەر ھاوکاری و پشتگیری بەردەوامی بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی تیرۆر و بەشداری کاریگەریان لەجەنگی سەرکەوتن بەسەر داعشدا.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكەش، “ھەر لەدیدارەکەدا پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکان به‌گشتی و هەماهەنگی و ھاریکاری نێوان هێزەکانی هەرێمی کوردستان و هاوپەیمانان تاوتوێكرا، جەخت لە مەترسی جموجوڵەکانی پاشماوەی تیرۆریستان کرایەوە و هەماهەنگی و هاوکاری هەموو هێزەکان بۆ ڕوبەڕوبوونەوەیان بە پێویست زانرا”.

لە بەرامبەردا بافڵ تاڵەبانی سوپاس و پێزانینی وەفدی میوانیکرد، کە ڕۆڵێکی گرنگیان گێڕاوە لە بەرقەراکردنی ئاسایش و ئارامی لە ھەرێم و عێراق و ھیوای خواست ھەردووکیان لە ئەرکی نوێیاندا سەرکەوتووبن، دووپاتی لەبەردەوامی ھاریکاری و ھەماھەنگی زیاتری لەنێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و ھاوپەیمانان کردەوە لەپێناو سەقامگیری سیاسی و ئاسایش لەناوچەکە.

هەروەها بافڵ تاڵەبانی لەبارەی دۆخی ناوخۆی حیزب ڕایگەیاند، “لەمەودوا ڕێڕەوی رێکخراوەیی بەڕێگایەکی تەندروستدا تێدەپەڕێت و بەھیچ شێوەیەک رٍێگەنادرێت ھێزەکانی یەکێتی کە ھێزی نیشتمانی و جێی متمانەی ھەموولایەکن بۆ مەرامی شەخسی و بەرژەوەندیی تایبەت بەکاربھێنرێت”.

جەختی لەوەشكردەوە، “دەبێت لەچوارچێوەی یاسا بەرکارەکان و ڕێنماییەکاندا ئەرکە سەربازییەکانیان ڕابپەڕێنن و کارەکانیان لەپێناو بەرژەوەندی گشتیدا بێت، لەو چوارچێوەیەشدا ھاوکاری زیاتری ھێزەکانی ھاوپەیمانان دەبین لە ڕوبەڕوبوونەوەی تیرۆر و پاراستنی ئاسایش و ئارامی لە ناوچەکە”.

بابەتی پێشتر

دابەشكردنی ئاو لە هەولێر ڕاگیرا

بابەتی دواتر

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا: وەڵامی بە كۆمەڵی ئێران دەدەینەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share