بافڵ تاڵەبانی: قاچاخچێتی، سەرانەوەرگرتن و سیخوڕیکردن کرا بە بەرنامە، بەڵام بڕیارە دروستەكەمان دا

سەرۆكی یەكێتی ڕایدەگەیەنێت، پشوودرێژ و دانبەخۆداگرم بەرامبەر پاراستنی یەکێتی ناو یەکێتی و دەشڵێت، بڕیاری گۆڕانکاریی ڕیشەییمدا لە سەرپەرشتیارانی ھەموو ئەو دامەزراوە ئەمنی و حزبییانەی ساڵانێک بوو خرابوونە خزمەت بەرژەوەندی هەندێک کەسەوە.

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەدوای سەردانێكی بۆسەر مەزاری مام جەلال پەیامێكی لەژێر ناوی (باوکە گیان ڕێنیشاندەر و ڕابەری مێژووییمان) بڵاوكردەوە و دەڵێت، ئەمڕۆ ھاتوومەتە حزورت تا لەنزیکەوە خۆم ڕاستییەکانت پێبگەیەنم و دڵنیات بکەمەوە لە پشوودرێژی و دانبەخۆداگرتنم لەبەرامبەر پاراستنی یەکێتی ناو یەکێتی و ئەمانەتی خوێنی شەھیدان، ڕەنج و ماندووبوونی پێشمەرگەی دێرین، تێکۆشەرانی ڕێگای خەبات و زیندانیانی سیاسی، کەمئەندامانی سەنگەر و قوربانیدانی کۆمەڵانی خەڵک.

بافڵ تاڵەبانی دەشڵێت، “دواجار بەناچاری دوای ھەوڵی بەردەوامم و کۆشش لەپێناو یەکێتییەکەمان و پارێزگاری لە رێبازی ڕاست و ڕەوان و بەڕاوێژ لەگەڵ سەرکردە تێکۆشەرەکان و خەمخۆرانی یەکێتی ڕاستەقینە بڕیاری گۆڕانکاریی ڕیشەییمدا لە سەرپەرشتیارانی ھەموو ئەو دامەزراوە ئەمنی و حزبییانەی ساڵانێک بوو خرابوونە خزمەت بەرژەوەندی هەندێک کەسەوە و بۆ تەسفیاتی حیزبی بەکاردەھێنران و دژی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان و یەکێتییەکەمان دەجووڵانەوە. لەکاتێکدا کارمەندانی ئەو دەزگایانە خەڵکانی تێکۆشەر و دڵسۆزبوون، بەڵام بەمەبەست ئەم کارە دزێوانەیان پێئەنجام دەدرا. دەست خرابووە بینەقاقای کار و کاسبی کاسبکاران و سەرمایەداران. بەپیلان و بەرنامە ڕێگری لە دامەزراوەکانی حکومەت دەکرا تاوەکو کار و پڕۆژەکانیان جێبەجێنەکەن. قاچاخچێتی، سەرانەوەرگرتن، ھەڕەشە و سیخوڕیکردن کرا بە بەرنامە”.

سەرۆكی یەكێتی ڕونیشیدەكاتەوە، دواجار گلەیی و گازندەی کۆمەڵانی خەڵک، نووسەران، ڕۆژنامەنووسان، ڕۆشنبیران و مامۆستایانی زانکۆ و دڵسۆزان و ناوەندە دیبلۆماسییەکان و کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان ھەمووی بەھەند وەرگیران و بڕیارە دروستەکەمان دا لە بەرامبەر یاساشکێنان.

دوپاتیشیدەكاتەوە، ئەمڕۆ لەسەر مەزارەکەت بەڵێن دەدەین یەکێتی ئەمانەتە و بە گیانمان دەیپارێزین. جەخت دەکەمەوە داھاتووی یەکێتی پرشنگدارتر دەبێت و ھیچ کەس حەدی نییە و زاتی ئەوە ناکات جارێکیتر سیخوڕ نەک بخاتە ناو ماڵی مام جەلال، بگرە لەناو کۆمەڵانی خەڵک و دامەزراوەکانی حکومەت و ڕێگەنادرێت ئەم کارە نەشیاوانە بکرێن و دەبێت لەمەودوا دامەزراوە ئەمنییەکان و دەزگای زانیاری لەخزمەت ئاسایشی ھەرێم و پاراستنی سەروماڵی خەڵک و فەراھەمکردنی ژینگەیەکی لەبار بێت بۆ کار و کاسبی و ژیانی ھەمووان.

لە كۆتایشدا دەڵێت، “بەڵێن بێت… بەڵێن لە ئاست گەورەیی یەکێتی و سەروەری خاکی ھەرێم بم بۆ پارێزگاریکردن لە مافەکانی خەڵک و بەرژەوەندی گشتی و یەکێتییەکان و تێکۆشەران و کەسوکاری شەھیدان”.

بابەتی پێشتر

ناوەرۆكی كۆبوونەوەی مەكگۆرك لەگەڵ بەرهەم ساڵح و مستەفا كازمی

بابەتی دواتر

پاریس کۆتا کارت بۆ نوێکردنەوەی بۆندی مباپێ بەکاردەهێنێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share