بەستنی پێوەری زیرەک بەردەوامە و هاوڵاتییان لە کارەبا نیگەرانن

وەزارەتی کارەبای هەرێم ئاشکرایکرد، تا ئێستا نزیکەی یەک ملیۆن و 500 هەزار پێوەری زیرەک بەستراوە، بەڵام بەهۆی نەکەوتنەکاری تەواوی سیستمەکە، تائێستا کاریگەری لەسەر بڕی پێدانی کارەبا نەبووە.

سیروان محەمەد، وتەبێژی کارەبای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “پێوەری زیرەک لە سلێمانی بارگرانی و هاوسەنگی بۆ فیدەرەکانی پێدانی کارەبا گەڕاندووەتەوە و لەو ڕۆژەوە کە پێوەرەکە دانراوە، کۆتایی بە سەرپێچیی کارەبا هاتووە”.

بە وتەی وتەبێژی کارەبای سلێمانی، “هەر ماڵێک 40 ئەمپێر کارەبای بۆ دادەنرێت، ئیتر هاوڵاتییانیش تێدەگەن، لەو 40 ئەمپێرە زیادەڕۆیی ناکەن، ئەوەش جۆرێک لە هاوسەنگی بۆ تۆڕەکان دروستدەکات”.

لە ماوەیەکی نزیکدا کارەبای سلێمانی، تیمەکانی دەنێرێتە ماڵان و خەڵکی بە چۆنیتیی كاركردنی پێوەرەکە دەناسێندرێت، شێوازی پسوڵەی پارەدان و خەرجکردنەکە بە هاوڵاتی ئاشنادەکرێت.

کارەبای سلێمانی لە ئێستادا دەتوانێت 12 بۆ 13 کاتژمێر کارەبای نیشتمانی بداتە هاوڵاتییان و ئەوەش بەلای بەشێک لە هاوڵاتیانەوە کەمە و خواست و پێداویستییەکانیان لەم وەرزی گەرمایەدا پڕناکاتەوە.

بەپێی کۆتا ئاماری وەزارەتی کارەبا، تا ئێستا 518 هەزار و 422 پێوەر لە پارێزگای هەولێر دانراون، لە سلێمانی و هەڵەبجەش 562 هەزار و 499 پێوەر دانراون، لە دهۆکیش 325 هەزار پێوەر و لە گەرمیانیش 89 هەزار و 293 پێوەر جێگیرکراون.

بابەتی پێشتر

مەسرور بارزانی: ئەو پارەیەی حکومەتی عێراق دەینێرێت مافی خەڵکە و خێر نیە

بابەتی دواتر

ئەرجەنتین 4-1 بۆلیڤیا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share