داودئۆغڵو حزبەکەی دامەزراند؛ بەڵێنی کۆتاییهێنان بە سیستمی “سەرۆکایەتی”ی ئەردۆغان دەدات

سەرۆکوەزیرانى پێشووى تورکیا، ئەحمەد داودئۆغلۆ، ئەمڕۆ هەینى، لە وتارێکدا بە فەرمى حزبە نوێیەکەى (حزبی ئاییندە) ڕاگەیاند و وتی “ئامانجم بەرەنگاربوونەوەى سیاسەتى تاکپەرستی و کۆتاییهێنان بە سیستمی ‘سەرۆکایەتی’ـی ئەردۆغانە.

داودئۆغڵو کە هاوپەیمانی ئەردۆغان و سەرۆکى پێشووى حزبى داد و گەشەپێدان (ئەکەپە) بوو، لەژێر وێنەیەکى گەورەى دامەزرێنەرى تورکیاى نوێ، مستەفا کەمال ئەتاتورک لە ئەنقەرە ڕاوەستابوو و وتى، “وەک حزب، سیاسەتى شەخسپەرستى ڕەتدەکەینەوە”.
لە وتارەکەیدا ڕاشیگەیاند، “ناکرێت لەناو سیستمێکى وادا، کۆمەڵگایەکى دیموکراسی بەدەست بهێنیت”.
سەرۆکى پێشووى حزبى داد و گەشەپێدان، ئەحمەد داودئۆغلو کە لە ئەیلولى ٢٠١٦ دەستى لەکار کێشایەوە، جەختى لەوە کردەوە کە “حزبەکەى بەرگرى لە مافى کەمەنەتەوەکان و سەروەریى یاسا و ئازادیى ڕۆژنامەوانى و دادگاى سەربەخۆ دەکات”. ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ خراپیی ڕەوشى مافە مەدەنییەکان لە سەردەمى ئەردۆغاندا.
زامنکردنى ئازادییەکان
 
لەو ڕاگەیاندراوەی دواتر خوێندییەوە، جەختى لەوە کردەوە حزبەکەى هەوڵدەدات سیستمێک بێنیتە کایەوە کە گیان و سامانى خەڵکى بپارێزێت، ئازادى بیروڕا، ئازادیی دامەزراندنى ڕێکخراو و حزب، ڕەخنەگرتن و خۆپیشاندان بۆ خەڵکى زامن بکات.
لە پاڵ ئەمانەشدا جەختى لەوەش کردەوە، “هەر بزووتنەوە و سیستمێکى ئاینى و عەلمانی بییەوێت لەڕێگەى سنووردانان بۆ ئازادیى بیروباوەڕ، ئیرادەى ئازادیى تاک تێکبشکێنێت، ئەمە سەردەکێشێت بۆ کۆیلەکردنى عەقڵى مرۆڤ”.
لە درێژەى وتارەکەیدا و سەبارەت بە بواری ڕۆژنامەوانی وتى، “ئازادیی ڕۆژنامەوانی پێویستییەکى بنەڕەتىی هەر کۆمەڵگەیەکى دیموکراتییە کە حوکمى یاسا جێبەجێ بکەن”.

لەژێر وێنەیەکى گەورەى دامەزرێنەرى تورکیاى نوێ، مستەفا کەمال ئەتاتورک لە ئەنقەرە ڕاوەستابوو و وتى، “وەک حزب، سیاسەتى شەخسپەرستى ڕەتدەکەینەوە”.

ڕەتکردنەوەى سیستمى سیاسى
لە ڕاگەیەندراوى حزبە نوێیەکەدا، داودئۆغڵو جەختى لەوە کردەوە، “ئەم سیستمە سیاسییەى ئێستا حوکم دەکات ڕەتدەکرێتەوە، لەمڕۆوە هەموو پاڵپشتییەکمان بە ئاڕاستەی گەڕاندنەوەى سیستمى پەرلەمانییە” ئاماژەى بۆ ئەوەش کرد “سیستمى سەرۆکایەتى، کردەى بڕیارسازى و مومارەسەى دەسەڵاتى کەمکردووەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆکارى دابەزینى پێوەرە دیموکراتییەکان”
بەپێى ڕاگەیاندراوەکەى ئەحمەد داود ئۆغلۆ، لیستى ئەندامانى حزبەکەى وا ڕێکخستووە، کە پێکهاتەیەک بێت لە سیاسییە کۆنەکانى حزبى داد و گەشەپێدان و ئەندامانى گەنج. لە ناو ئەمانەشدا ناوى هەر یەکە لەم کەسانە بەرچاو دەکەوێت؛ سەرۆکى پێشووى لقى ئەستەنبوڵى حزبى داد و گەشەپێدان، سەلیم تەیمورچى، و نووسەر ئایتین ماهجوبیان، و ڕۆژنامەنووس هاکان ئەلبیرک، و ئەندامى پێشووى حزبى داد و گەشەپێدان بیرم زیلان، و پرۆفیسۆر[ى پێشوو] لە حزبى داد و گەشەپێدان مستەفا بالئۆغڵو، و بەڕێوەبەرى پێشووى ئاسایش مەولود دیمیر، هەروەها سەرۆکى پێشووى ئەنجوومەنى خوێندنى باڵا، یوسف زیا ئۆزکان.
نزیکترین هاوپەیمانەکانى ئەردۆغان
دەگێڕنەوە داودئۆغڵو، کە لە پێشووتردا مامۆستاى زانکۆ بووە، تا ماوەیەکى زۆر بە تایبەت لە ساتى وەرگرتنى دەسەڵات لە 2003 یەکێک بووە لە دۆستە نزیکەکانى ئەردۆغان.
بەڵام سەرۆکى تورکیا لە ساڵى 2016 لە میانى ناکۆکییەکانیان لەسەر چەند مەلەفێک، بەتایبەت گۆڕانکارى لە دەستووردا بە مەبەستى بتەوکردنى دەسەڵاتى سەرۆکى وڵات، داودئۆغڵوی ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە کرد.
پاش بێدەنگییەکى زۆر، داودئۆغڵو لەو بێدەنگییەى هاتە دەرەوە و ئەردۆغانی ڕەخنە کرد.
ئاماژە بەوە دەکرێت کە داودئۆغڵو تاکە جیابووەوە نەبووە لە حزبەکەى ئەردۆغان، بەڵکو عەلى باباجان کە لە سەردەمى حوکمى ئەردۆغان جێگرى سەرۆکوەزیران و وەزیرى ئابوورى بوو، لە چەند هەفتەى داهاتوودا حزبەکەى خۆى ڕادەگەیەنێت.
ئۆپۆزیسیۆنەکانى ئەردۆغان ئومێدى ئەوەیان بەم حزبە نوێیە هەیە، کە پەستان بخاتە سەر حزبى داد و گەشەپێدان.
حزبى داد و گەشەپێدان کە کۆتا هەڵبژاردنى شارەوانیی ئەستەنبوڵى بەهۆى ئاستەنگە ئابوورییەکانەوە لە بەرانبەر پارتى گەل دۆڕاند، بەم هەنگاوەى پاشەکشەى خۆى لە ڕێژەى دەنگەکانى هەڵبژاردنەکاندا ئاشکراکرد.

 

بابەتی دواتر

پشیلەکان لە ئەستەنبوڵ پیرۆز سەیردەکرێن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share