یەکێتیی ئەوروپا ترسی هەیە ڕەئیسی ڕێگری بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن دروستبکات

وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا نیگەرانن لە ئەگەری دروستبوونی گرفت بۆ هەوڵەکانی گەیشتن بە ڕێککەوتن لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێرانەوە، پێیان وایە دەكرێت ئیبراهیم ڕەئیسی ڕێگری لەبەردەم ئەگەری ڕێککەوتنێكی لەو شێوەیە دروستبكات.

چاودێران باس لەوەدەکەن، ڕەئیسی، بەروارد بە حەسەن ڕۆحانی سەرۆکی ئێستای کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەرامبەر بە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا توندترە، لەگەڵ ئەوەشدا پێشبینی دەکەن ڕەئیسی ڕەزامەندیی پیشانبدات بەرامبەر بەگەڕخستنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی 2015.

دەشڵێن، ئیبراهیم ڕەئیسی زیاتر لە ڕۆحانی سوورە لەسەر ڕەتکردنەوەی هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ دانانی سنوورێک بۆ چالاکییە سەربازییەکانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

دوای چەند هەفتەیەک لە گفتوگۆکانی ڤیەننا، ئەوروپا، ئەمریکا و ئێران باس لە بەرەوپێشچوونی گفتوگۆکان دەکەن بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتنێك بۆ گەڕاندنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی 2015، هەندێک لە وڵاتانی بەشدار لە دانوستانەکانی ڤیەنناش دەڵێن، ئەگەری زۆرە لە مانگی داهاتوودا بگەنە ڕێککەوتن ئەگەر ئێران ملبدات بۆ داواکارییەکانی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی و وڵاتانی بەشدار لە دانوستانەکانی ڤیەننا و سازش لە هەنگاوەکانی بکات لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمییەوە.

سەبارەت بە مەترسیی سەرکەوتنی ئیبراهیم ڕەئیسی لە هەڵبژاردنەکانی ئێران، پێشتر جیک سالیڤان ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو، بڕیاردان لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی تەنها لەدەستی ڕابەری باڵا عەلی خامنەیی-دایە، نەک سەرۆک کۆمار، بۆیە هەر کەسێک ببێت بە سەرۆکی داهاتووی ئێران، لەوبارەیەوە هیچ ناگۆڕێت.

ئیبراهیم ڕەئیسی بە بەدەستهێنانی 62%ی دەنگەکان سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئێراندا بەدەستهێنا، لەگەڵ ئەوەشدا پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، کەمترین ڕێژەی بەشداریکردنی دەنگدەرانی تۆمارکرد لە مێژووی هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتەدا.

 

 

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

سەرۆکی پێشووی مۆساد نهێنیی دزەپێکردنی ئەرشیفی دۆسیە ئەتۆمییەکانی ئێران ئاشکرا دەکات

لەیەکەم چاوپێکەوتنی تەلەفیزۆنیدا دوای دوورکەوتنەوەی لە پۆستەکەی سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) وردەکاریی دزەپیکردنی زانیارییە ئەتۆمییەکانی ئێرانی ئاشکراکرد.…
زیاتر ببینە

سودانی: هەوڵی زۆر دەدەین بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت، حکومەتی عێراق هەوڵێکی زۆر دەدات بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان.…
Total
0
Share