دۆسیەی بڕیاری سزای چالاكوانانی بادینان گەڕێندرایەوە دادگای پێداچوونەوە

بەشێك لە دەستگیركراوانی بادینان فۆتۆ: كەركوك ناو

پارێزەرێكی دۆسیەی چالاكوانە دەستگیركراوەكانی بادینان دەڵێت، دۆسیەی بڕیارەكە بەمەبەستی ڕاستكردنەوە گەڕێندراوەتەوە بۆ دادگای پێداچوونەوە.

بەشدار حەسەن، پارێزەری دۆسیەی چالاكوانە دەستگیركراوەكانی بادینان ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، دوای تۆماركردنی داوا یاساییەكەیان تایبەت بە ڕاستكردنەوەی بڕیاری دادگای پێداچوونەوە دەربارەی بڕیاری سزادانی پێنج لە ڕۆژنامەنووس و چالاكوانانی بادینان، ڕۆژی پێنجشەممە دۆسیەكە ئاراستەی دادگای پێداچوونەوە كرایەوە بەمەبەستی ڕاستكردنەوەی بڕیاری پێداچوونەوەكە.

وتیشی، “داوامانكردووە دۆسیەكە بدرێتە دەستەی گشتی، بۆیە پێشبینی دەكەین بدرێتە دەستەكە كە لە 15 دادوەر پێكدێت، تا چاو بە دۆسیە و بڕیارەكەدا بخشێننەوە”.

پارێزەری دۆسیەكە ئومێدی خۆی نیشاندا بەوەی گۆڕانكاری بەسەر سزای چالاكوانەكاندا بهێنرێت و وتی، “پێموایە ئەو هەموو فشارەی ناوەوەی هەرێم و فشارە نێودەوڵەتییەكان كاریگەری دەبێت، جگە لەوەی وەك زانراوە لە بڕیاری پێشوودا لە كۆی پێنج دادوەر، دووانیان واژوویان نەكرد و باوەڕیان پێی نەبوو، چاوەڕوانین لە دەستەی گشتیدا ژمارەكە زیاتر بكات”.

بەشدار حەسەن ئاماژەی بەوەشكرد، پێداچوونەوەكە بە نۆرەیە، بەڵام بەهۆی كاردانەوەكانی دەرەوە و ناوەوە، چاوەڕوانی ئەوە دەكرێت پێداچوونەوە بە دۆسیەی چالاكواناندا بهێنرێتە پێشەوە.

جگە لەو چالاكوانانەی بڕیاری سزایان دەرچووە، بڕیارە لە 5 و 12ی مانگی تەمموزی داهاتووشدا دانیشتنی دادگایی 9 چالاكوانی دیكەی بادینان بەڕێوەبچێت.

دانیشتنی 5ی تەمموز تایبەت دەبێت بە هەریەك لە چالاكوانان، (عامر خالد عەگید، فرسەت ئەحمەد سەعید، جەمال خلیل مجید، سلێمان كەمال سلێمان و سلێمان موسا ئەحمەد) وەك ئەوەی ئەو پارێزەرە ئاماژەی پێدا.

وتیشی، دانیشتنەكەی 12ی هەمان مانگیش تایبەت بە (مەسعود شەنگالی، شیروان طه امین، كارگەر عەباس عەلی و بەندەوار ئەیوب) دەبێت و دادگاییەكەش بەپێی ماددەی 1ی یاسای ژمارە 1ی پەرلەمانی كوردستانە، كە تایبەتە بە سیخوڕی و تێكدانی ئاسایشی نیشتیمانی.

هەریەك لە مامۆستا بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشكی-ش ڕۆژی 17ی ئاب بۆ دادگایی كردنیان دیاریكراوە.

پارێزەرەكە ئەوەشی خستەڕوو، جگە لەوانە 35 چالاكوانی دیكە هەن، كە دۆسیەكانیان هێشتا لە ئاسایشە.

بابەتی پێشتر

خانەقین.. سوپای عێراق و حەشدی شەعبی كەوتنە بۆسەیەكی داعشەوە و قوربانییان هەیە

بابەتی دواتر

بەشێکی زۆری ئێرانییەکان پێیان وایە پۆستی سەرۆککۆمار کارتۆنییە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share