دوای ماوەیەك لەداخستنی بازاڕەکانی ناوەڕاست و خواروی عێراق بە ڕووی جوتیارانی هەرێمی کوردستان كرانەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە محەمەد کەریم خەفاجی، وەزیری کشتوکاڵی حکومەتی عێراق کرد.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێكی ئەنجومەنی وەزیران، “لەكۆبونەوەكەیاندا، گفتوگۆیان دەربارەی پەرەپێدانی هەماهەنگی نێوان وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی ناوەندیی و وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم کرد، بەتایبەتی لەبارەی کردنەوەی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و ناوەڕاست و خواروی عێراق بەڕووی بەروبوم و بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی یەکتر”.
لە بەشێكی دیكەی كۆبونەوەكەدا، پرسی وەرگرتنی بڕی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان لە لایەن حکومەتی فیدراڵی، کە ساڵانە دیاری دەکرێت و پێدانی بڕوانامەی زانستی بە بەروبوم و بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی هەرێم، تاووتوێ کران.
لەلایەكی دیكەوە بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوە ئاوییەكانی هەرێم ڕایگەیاند، “لەمەودوا ڕێگاکان کراوەن بۆ هەناردەکردنی بەرهەمە ناوخۆیەکانی جوتیارانی هەرێمی کوردستان”.
ئاماژەی بەوەشكرد،” دوابەدوای هەوڵە بەردەوامەکانمان بۆ مەبەستی ساغکردنەوە و هەناردەکردنی بەرهەمەکانی ناوخۆی جوتیاران بۆ بازاڕەکانی ناوەڕاست و خواروی عێراق و ئاڕاسته كردنی نوسراوێك له لایەن سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ بڕیاردرا بە کردنەوەی بازاڕەکانی ناوەڕاست و خواروی عێراق بە ڕووی جوتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ مەبەستی هەناردەکردنی بەرهەمی ناوخۆی.