ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا ئیدانەی ڕووداوەكانی شەوی ڕابردوی بەغداد دەكات و جەخت لەوەدەكاتەوە، پاڵپشتی بەهێزی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکەن، بۆ سەپاندنی یاسا و شکۆی دەوڵەت لەعێراقدا.
لە بەیاننامەیەكدا ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا ئاماژەی بەوەكردووە، “پاڵپشتی لە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق و حکومەتەکەی دەکەن، بۆ سەپاندنی یاسا و ڕێگەخۆشکردن بۆ هەڵبژاردنێکی پاک و ئازاد لە عێراقدا”.
جەختی لەوەشكردوەتەوە، “بەگوێرەی یاسای عێراقی پێویستە لێكۆڵینەوە لەهەركەسێك بكرێت، كە هاوڵاتییان دەكاتە ئامانج و ئیدانەی هەركارێكیش دەكەین، كە ئارامیی عێراق تێكبدات”.
دوێنێ بەغدادی پایتەخت، بەتایبەت لە شەودا، دۆخێكی سەختی بەڕێكرد، بەهۆی زیادبوونی گرژییەكان و جوڵەپێكردنی هێز لەلایەن حەشدی شەعبییەوە لە شەقامەكاندا و هەروەها دروستبوونی ناكۆكی لە نێوان دەستەی حەشد و مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران لەسەر دەستگیرکردنی قاسم موسڵح سەرکردەی حەشدی شەعبی.
بەگوێرەی هەواڵی میدیا عێراقییەكان، دوای 24 كاتژمێر، هێشتا ناوچەی سەوز بەنیمچەداخراوی ماوەتەوە و تەنها ڕێگە بەكەسانێكی تایبەت دەدەن بچێتە ناوچەكەوە.
ئاماژەیان بەوەشكردووە، شەوی ڕابردوو هێزە ئەمنییەكانی عێراق تانك و زرێپۆشیان لەنێو شەقامەكانی بەغداد بڵاوەپێكردووە، سەرەڕای كشانەوەی گروپەكانی حەشدی شەعبی لە شەقامەكان.
دەستگیرکردنی قاسم موسڵح سەرکردەی دیاری حەشدی شەعبی بەپێی ماددەی 4ی تیرۆر، كە تۆمەتبارە بە “هێرشەكانی سەر بنكەی عەین ئەسەد و تیرۆرکردنی هەردوو چالاکوان فاهم تائی و ئیهاب وەزنی، لەگەڵ تۆمەتی زیانگەیاندن بە دارایی گشتی”، دۆخی ئەمنیی بەغدادی پایتەختی ئاڵۆزكرد، دوای “ڕادەستكردنیشی” بە حەشدی شەعبی، هێشتا دۆخەكە بەتەواوی ئاسایی نەبوەتەوە.
قسەی جیاوازیش لەسەر ئەوە دەكرێت، كە سەركردەكەی حەشد، ڕادەستكراوە، یان ئازادكراوە.