نەتەنیاهو هۆشداری دەداتە حەماس.. بلینکن بەڵێنی هاوکاری کردنی غەززە دەدات بەمەرج

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل داوای باشکردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی دەکات و ئەنتۆنی بلینکنیش جەخت لە سەقامگیری و کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین دەکاتەوە.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا بنیامین نەتەنیاهو وەڵامی ئەنتۆنی بلینکنی وەزیری دەرەوەی ئەمریکای دایەوە و وتی، “ئێمە مافی بەرگری لەخۆکردنمان هەیە، لە کاتێکدا حەماس هێرش بکاتەسەرمان، ئێمە پێویستە کاربکەین تاوەکو ڕێگری لەوەبکەین حەماس ببێتە خاوەنی چەک و هەر توانایەکی سەربازیی دوژمنکارانە”.
لەبارەی ئەو زیانانەی بەرکەرتی غەززە کەوتوون هەردوولا باسیان لە چۆنێتی باشکردنی گوزەرانی هاوڵاتییانی فەڵەستینی و چارەسەری مرۆیی بۆ دۆخی غەززە کرد، هەروەها دووبارە گەڕانەوەی هاوکارییەکان و گەشەی ئابووری لە غەززە لەچوارچێوەی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان گفتوگۆیان لەبارەوەکرا.
سەبارەت بە دانوستانەکانی ڤیەننا لەبارەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی بنیامین نەتەنیاهو وتی، “هیوادارین ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نەگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، چونکە ئەو ڕێککەوتنە ڕێگە بۆ ئێران خۆشدەکات ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی”.
لەلایەکی دیکەوە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، جۆ بایدن جەخت لە پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل دەکاتەوە و ئەمریکا کاردەکات بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و بونیادنانەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین.
بلینکن جەختی لە پاڵپشتیی وڵاتەکەی بۆ ئیسرائیل کردەوە بۆ مافی بەرگری لەخۆکردن.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەردەوامیی هەوڵەکانی وڵاتەکەی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین نیشاندا و وتیشی، ئامادەین هاریکاری کەرتی غەززە بکەین بەو مەجەی هاوکارییەکانمان بزوتنەوەی حەماس نەگرێتەوە لەو ناوچەیە.
بابەتی پێشتر

دوای گردبوونەوەی بەشێک لە هاوڵاتییان شوێنێکی فرۆشتنی مەی لە چوارقوڕنە داخرا

بابەتی دواتر

ساوزگەیت پێکهاتەی ئینگلتەرای بۆ یورۆی 2020 ئاشکراکرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share