سەمیر هەورامی: سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغداد لەسەر وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ وەستاوە

سەمیر هەورامی: پێدەچێت لە هەفتەی داهاتوودا یەكلابكرێتەوە

ئەم هەفتەیەش شاندی حكومەتی هەرێم سەردانی بەغدادی نەكرد، وتەبێژی جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێم دەڵێت، بۆ سەردانی شاندەكە، چاوەڕوانی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵین.

سەمیر هەورامی، وتەبێژی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێم ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، هێشتا بڕیار لەسەر وادەی سەردانكردنەوەی شاندی هەرێم بۆ بەغداد نەدراوە، چاوەڕێین وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بە فەرمی داوامان لێبكات دەربارەی چۆنێتیی ڕادەستكردنی داهاتی هەرێم.

وتیشی، “دەبێت وەزارەتی دارایی عێراق شێواز و چۆنیەتیی جێبەجێكردنی ماددەی 11ی یاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2021 دیاریبكات و ڕونیبكاتەوە، كە ئەرك و مافەكان لەسەر هەریەكە لە هەرێم و فیدراڵ چییە و چۆن دەبێت، تا بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە”.

دەربارەی ئەوەی ئایا هەمان شاندی باڵای هەرێم بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو پرسانە سەردانی بەغداد دەكات، یان شاندی تەكنیكی، سەمیر هەورامی وتی، هێشتا دیارنییە و دواتر ئەو پرسە یەكلادەكرێتەوە.

ڕونیشیكردەوە، “لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا وەك حكومەتی هەرێم نوسراومان ئاراستەی حكومەت و وەزارەتی دارایی فیدراڵ كردووە، دووپاتمانكردووەتەوە ئامادەین پابەندبین بە بڕگەكانی ماددەی 11ی یاسای بودجە”.

وتەبێژی جێگری سەرۆكوەزیران ئەوەشی خستەڕوو، پێدەچێت لە هەفتەی داهاتوودا ئەو هەنگاو و ڕێوشوێنانە یەكلابكرێنەوە و لەسەر ئەو بنەمایەش شاندی هەرێم بڕیار لەسەر سەردانی بەغداد بدات.

بابەتی پێشتر

بەشدارانی ئۆڵۆمپیادی 2020 ناچاری پشکنینی ڕۆژانە دەکرێن

بابەتی دواتر

مێسی هاوکێشەی گواستنەوەکان دەگۆڕێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
1
Share