47 ساڵ پێش ئێستا لە قەڵادزێ چی ڕویدا؟

لەچوارچێوەی هێرشی حزبی بەعسی عێراقی بۆسەر هەرێمی کوردستان و لە ساتەوەختی سەرهەڵدانەوەی شۆڕشی نوێ، حزبی بەعس لە ڕێگەی دوو فڕۆکەی جۆری سۆخۆی ڕوسییەوە، بۆمبارانی شاری قەڵادزێی بە بۆمبی “ناپاڵم” کرد.

لە 24ی نیسانی ساڵی 1974 ، کاتژمێر 9:45 خولەکی بەیانی، حزبی بەعس بە بۆمبی ناپاڵم، کە بۆمبێکی قەدەغەکراوە، هێرشیکردە سەر ناوچەی نیشتەجێبوون لە قەڵادزێ و زیاتر لە 130هاوڵاتی شەهیدبوون.

ئەو شوێنانەی لە قەڵادزێ بە “ناپاڵم” بۆمباران کران، شوێنی مەدەنی بوون، بەتایبەت نەخۆشخانەی قەڵادزێ، فەرمانگەی شارەوانی، قائیمقامیەت، خوێندنگەکان، 27 ماڵ و 40 دوکان.

لە کۆی ئەم بۆمبارانەدا، کە ڕونبووەتەوە مەبەست لێی بۆمبارانکردنی شوێنی مەدەنی بووە وەک سەرچاوەکان باسی دەکەن، 134 هاوڵاتیی شەهید بوون و 152 کەسیش بریندار بوون.

دوای 8 ساڵ لەو ڕوداوە، جارێکی دیکە هێرشکرایەوە سەر قەڵادزێییەکان.

سەرلە بەیانیی رۆژی24 ی نیسانی ساڵی 1982 ، كاتێک خەڵكی قەڵادزێ، بە سەرپەرشتیی خوێندكاران، لە گۆڕستانەكەوە دەگەڕانەوە ناوشار، لەلایەن هێزە ئەمنیەكانی بەعسەوە ڕێیان لێگیرا و  تێكهەڵچون لەنێوان خەڵكی شارەكە و هێزە ئەمنییەكان دروستبوو.

دوای ئەو پێکدادانە، زرێپۆش و بنكە سەربازییەكانی گردەكانی شارەكە، بە چەكی دۆشكا تەقە لە خەڵكەكە دەكەن و  خەڵكەكەش بۆ پارێزگاری لە ژیانی خۆیان، هەوڵی خۆ دەربازكردن دەدەن، دوو ژن كە دەیانویست لە ئاوی ڕووبارەكە بپەرنەوە، بەهۆی زۆریی ئاوەكە خنکان.

جگە لە گیانلەدەستدانی ئەو دوو ژنە بەناوەكانی (سنەوبەر مەحمود و دایکە ئامینە)، دوو خوێندکاریش برینداربوون و 49 خوێندکاری کوڕ و کچیش دەستگیرکران.

بابەتی پێشتر

تایبەت بە ئۆتۆمبێلی لێدراو و خوارمۆدێل پێشنیازی نوێ دەكرێت

بابەتی دواتر

ئەو کوڕەی لەگەڵ کچێکدا لە سەهۆڵەکە سەمایکرد لێدوان بۆ ئێستا دەدات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share