بە تەقەی هێزەكانی سەر بە دیمەشق منداڵێك لە قامیشلۆ كوژرا

بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەكانی شاری قامیشلۆ لە ڕۆژئاوای كوردستان، بەهۆی تەقەی هێزەكانی سەر بە دیمەشق، منداڵێك كوژرا و یەكێكی دیكەش بریندار بوو، ئاڵۆزییەكانیش بەردەوامن.

ئاژانسی هاوارنیوز ڕایگەیاندووە، لە ئەنجامی شەرش و پێكدادانەكانی قامیشلۆ و بەهۆی تەقەی هێزەكانی بەرگریی نیشتمانیی سەر بە حكومەتی سوریا، دوو منداڵ بریندار بوون و گەیەندراونەتە نەخۆشخانە، بەڵام دواتر یەكێكیان گیانیلەدەستداوە.

ئاژانسەكە ئەوەشی خستوەتەڕوو، وێڕای ڕاگەیاندنی ئاگربەست، كە بە نێوەندگیریی ڕوسیا ئەنجامدرا، هێزەكانی بەرگریی نیشتمانی دووبارە هێرشیان كردووەتەوە سەر هێزەكانی ئاسایشی رۆژئاوای كوردستان.

بەیانیی ئەمڕۆ، ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ ڕایگەیاند، جارێكی دیكە شەڕ لەنێوان هێزەكانی ئاسایشی ڕۆژئاوا و بەرگریی نیشتمانیی سەر بە حكومەتی سوریا لە شاری قامیشلۆ دەستیپێكردووەتەوە، ئەوەش پاش چەند كاتژمێرێك لە هێوربوونەوەی دۆخی شارەكە دێت.

ئاشكراشیكردووە، پاش ئەوەی ئاسایشی ڕۆژئاوا توانیویەتی دەست بەسەر چەند شوێنێكی گەڕەكی “گی” لە قامیشلۆ بگرێت، هێزەكانی بەرگریی نیشتمانی بە هاوەن و چەكی بی كەی سی و ئار پی جی، هێرشەكانیان بۆسەر گەڕەكەكە چڕكردووەتەوە، بۆ ئەوەی ئاسایش ناچار بە چۆڵكردنی بكەن.

ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ ئاماژەی بەوەكردووە، تائیستا زیانەكانی ئەو شەڕە نەزانراون، بەڵام لەلایەن هێزەكانی بەرگریی نیشتمانییەوە ماڵی زۆرێك لە هاوڵاتییان بەئامانج گیراوە.

ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە 20ی نیسان، شەڕ لەنێوان هێزەكانی ئاسایشی ڕۆژئاوا و هێزەكەی سەر بە حكومەتی سوریا لە قامیشلۆ دەستیپێكرد، ئاسایشی ڕۆژئاوا لە ڕاگەیەندراوێكدا وتی، “چەند گروپێكی سەر بە بەرگریی نیشتمانی، بەنیازن ئاسایش و سەقامگیریی قامیشلۆ بشێوێنن”.

بابەتی پێشتر

لە هەرێم زیاتر لە 19 هەزار كەس هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنان

بابەتی دواتر

خولی ئینگلیزی دەبێتە خولی بەریتانیای گەورە؟

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

رۆژێک پشوو راگەیەندرا

لە کۆتایی مانگی ئەیلولدا لە سەرجەم فەرمانگە و دامودەزگاکانی حکومەتدا رۆژێک پشووی فەرمی دەبێت. بەپێی خشتەی پشووە فەرمییەکانی…
Total
0
Share