پەکەکە بۆچوونی چییە لەسەر ڕێککەوتنی هەرێم و بەغدا لەسەر شەنگال؟

لۆگۆی کۆماجڤاکێن کوردستان

ڕۆژی 9ی تشرینی یەکەم حکومەتی هەرێم و بەغدا ڕێککەوتنی ئەمنی و ئیدارییان لەسەر بەڕێوبردنی شەنگال کرد، لە ئێستاشدا یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال کە نزیکن لە پارتی کرێکارانی کوردستانەوە پشتگیری لە ئەنجومەنی خۆسەری شەنگال دەکەن لەم پرسەدا.

ئەنجومەنی خۆسەری دیموکراتیکی شەنگال دوێنێ 10ی تشرینی یەکەم ڕایگەیاند، ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا لە دەرەوەی ئەم ئەنجومەنە بووە و ئاگاداری نەبوون.

ئەنجومەنی خۆسەری دیموکراتیکیی شەنگال (مەخەدەشە) لە هەندێک پارت و ڕێکخراوی ئێزدی پێکهاتووە و نزیکە لە پارتی کرێکارانی کوردستانەوە.

پەکەکە بۆچوونی چییە؟

لە ڕاگەیەنراوێکدا ئەمڕۆ 11ی تشرینی یەکەم کۆماجڤاکێن کوردستان (کەجەکە) دەڵێت، “لە بەرواری 9ی تشرینی یەکەمدا لەسەر ناوی حکومەتی عێراق و حکومەتی باشوری کوردستان راگەیێنرا کە لە بارەی دواڕۆژی شەنگالەوە رێکەوتنێک واژوو کراوە و وردەکارییەکان و لایەنەکانی ڕێککەوتنەکە بەرفراوانی ئاشکرا نەکراون”.

کەجەکە ڕایگەیاندووە، ” ئەنجومەنی خۆسەریی دیمۆکراتیکی شەنگال ڕایانگەیاندووە ئاگایان لەو رێککەوتنە نیە و بڕیارەکان لە دەرەوەی ئیرادەی ئەوانەوە دراون و جێگایان نەکراوەتەوە، بڕیارێک کە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری شەنگال و گەلەکەی لە ناویدا جێنەگرن، قبوڵ ناکریت”.

کەجەکە: ئەوانەی شەنگالیان کۆمەڵکوژکرد بڕیاری لەسەر دەدەن

کۆماجڤاکێن کوردستان لە ڕاگەیەندراوەکەیدا دەڵێت، “لە 3ی ئابی 2014، کاتێک داعش هێرشی کرد، ئەوانەی کۆمەڵگای ئێزدیان لە ناو کۆمەڵکوژی و فەرماندا هێشتەوە، جێگەی قبوڵ نیە کە رۆڵەکانی شەنگال کە شەنگالیان رزگار کرد لە دەرەوەی یاساکان و ئەو هێزەی بڕیاری لەسەر دراوە، بهێڵنەوە”.

کەجەکە لە بەیانەکەیدا دەڵێت، “ئەوانەی بوون بە هۆکاری ئەوەی ژنانی ئیزدی لە بازاڕەکانی کۆیلایەتیدا بفرۆشرێن، نابێت لە بارەی کۆمەڵگای ئێزدی و شەنگالەوە خاوەن بڕیار بن”.

هەڵوێستی کەجەکەکە لەبارەی کەمکردنەوەی ڕۆڵی سەربازی پەکەکە لە شەنگال

کەجەکە لەو بارەیەوە ئاشکرایکردووە، “راگەیاندنی پەدەکە، وەکو ناوەندی شەڕی تایبەت پرۆپاگەندە دەکات و دەڵێت ‘هێزەکانی پەکەکە لە ناوچەکە دەردەخرێن’، بەم پرۆپاگەندەیە ئەوە ئاشکرا دەکات کە ئامانجی ئەم رێکەوتنە شاراوەیە چیە کە گەلی شەنگال لەناویدا نیە، گەریلاکانی هەپەگە دوای ئەوەی کۆمەڵگای ئێزدیی لە فەرمان و قڕکردن رزگار کرد، پاراستنی ئاسایشی شەنگالیان رادەستی یەبەشە/یەژەشە کردەوە کە پێک هاتوون لە دانیشتووانی ئێزدیی هەرێمەکە و دواتر لە هەرێمەکە کشانەوە، ئێمە ئەو لێدوانانە شەرمەزار دەکەین کە بەشێکن لە پرۆپاگەندەی قێزەوەن و رەشکردن کە لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە دەکرێت”.

ئاماژە بەوەشکراوە، “شتێکی سروشتیە کە بەڕیوبەرایەتی خۆسەر کە کۆمەڵگای ئێزدیی شەنگال خۆی بە رێگای ئەوەوە بەرێوە ببات، لە ناو گوتوبێژەکانی دوارۆژیاندا، ببن بە ئەکتەری سەرەکی. مەرجە کە قۆناغی چاوپێکەوتن و بڕیاردان بە بەشداریی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بەرێوە ببرێت، چونکە ئەو بەڕێوبەریە نوێنەرایەتی گەلی شەنگال دەکات، هەڵوێستەکانی دەرەوەی ئەمە مەترسیدارن و جێگای قبوڵکردن نین”.

کەجەکە داوایکردووە کە دژی ئەم هەڵویست و هەوڵی پەراوێزخستنە هاوڵاتییان هەڵوێست وەرگرن و ڕێگەنەدەن و وتوویەتی “ئێمە بانگەوازی ئاڕاستەی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان دەکەین کە لە بەرامبەر ئەم هەڵوێستە ناڕاستانە کە مەترسیان هەیە بۆ سەر ژیان و دوارۆژی کۆمەڵگای ئێزدی، هەڵوێستیان بنوێنن.”

بابەتی پێشتر

ژمارەیەک پەرلەمانتاری هەرێم لەسەر یاسای هەڵبژاردنی عێراق یاداشتێک ڕادەگەیەنن

بابەتی دواتر

دوو تۆمەتبار بە هەزاران دۆلاری ساختەوە دەستگیركران

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share