گەرمیان.. زەوی بەسەر زیندانیانی سیاسیدا دابەش دەکرێت

بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ژمارەیەك زەوی بەسەر زیندانیانی سیاسیی گەرمیاندا دابەش بكرێت، ڕێكارەكانی تەواو بوون.

ئیدارەی گەرمیان ڕایگەیاندووە، ئەمڕۆ یەكشەممە 4ی نیسان، سەبارەت بە دابەشکردنی زەوی بەسەر زیندانیانی سیاسی، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بە ئامادەبوونی ھەریەک لەقائیمقامی قەزای کەلار و بەرێوبەری گشتیی شارەوانییەکانی گەرمیان و سەرۆکی شارەوانیی کەلار لەگەڵ نوێنەری زیندانیانی سیاسی لە گەرمیان کۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا، جەلال نوری، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان ڕایگەیاند، “ئێمە لە ئیدارەی گەرمیان سوپاسمان ھەیە بۆ ھەوڵی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت، کە ؤۆلی ھەبوو لە چارەسەرکردنی ئەو کێشە و گرفتانەی ڕێگربوون لە پێدانی زەوی بە زیندانیانی سیاسی لە کەلار”.
جەلال نوری ئەوەشی خستوەتەڕوو، “لەئێستادا ھەموو ڕێکارە یاسایی و کارگێڕییەکانمان تەواوکردووە، بۆ ئەوەی بتواندرێت زەوی بەسەر زیندانیانی سیاسی دابەشبکرێت، لە چەند ڕۆژی داھاتووشدا بەپێی میکانیزمی گونجاو ژمارەی زەوی دەبەخشرێتە زیندانیانی ساسی و دواتر زەویەکەیان پێدەدرێت”.
لای خۆیەوە بەرزان کەریم، بەڕێوبەری گشتیی شارەوانییەکانی گەرمیان ڕایگەیاند، “ژمارەی زیندانیانی سیاسی سودمەندنەبوو لە زەوی، نزیکەی 980 كەسن”.

ھاوکات ئەکرەم ساڵح، سەرۆکی شارەوانیی کەلار ڕایگەیاند، “ئەو ژمارانەی کە دەدرێن بە زیندانیانی سیاسی لە ھەنگاوی یەکەمدا ژمارەکان ھەوایین تا ئەوکاتەی فەرمانی کارگێڕییان بۆ دەردەچێت و زەویەکەیان بۆ تەرخاندەکرێت”.
ئیدارەی گەرمیان ئەوەی خستوەتەڕوو، ئەو زەوییانەی بۆ زیندانیانی سیاسی گەرمیان تەرخان كراون، لە شاری کەلارن و لەسەر شەقامی پشتێنەیی کەلارن.

 

بابەتی پێشتر

کێ دەردەچێت؟ کات و وادەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ڕیاڵ و مەرجەکان

بابەتی دواتر

عێراق و ئیمارات هەماهەنگیی نێوانیان تاوتوێدەكەن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share