دەربارەی نرخی دۆلار داوایەك ئاراستەی حكومەت دەكرێت

ئەنجامە ئەرێنییەكانی گۆڕانی نرخی دۆلار بەرامبەر دینار لەسەر هاوڵاتی و كەرتی ئابوری چییە؟

پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی سائیرون داوا لە حكومەت دەكات هەنگاوی بەپەلە بنێت بۆ ڕاگرتنی بەرزبوونەوەی بەردەوامی نرخی ماددە خۆراكییەكان بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلارەوە.

سەلام شمەری، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی سائیرون ئەمڕۆ دووشەممە 15ی ئازار لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، گۆڕینی نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار هەنگاوێكی بەپەلە و بێ ڕەچاوكردنی ئەنجامەكانی بووە، بەڵگەش بۆ ئەوە ئەو ڕەتكردنەوەیەیە كە لەسەر ئاستی میللی هەیە، سەرەڕای لێكەوتەكانی كە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی بەردەوامی زۆرینەی ماددە سەرەكییەكان.

ئەوەشی وت، “تائێستا حكومەت هیچ هەنگاوێكی بە ئاراستەی كەمكردنەوەی كاریگەرییە نەرێنییەكەی ئەم بەرزبوونەوەیە نەگرتووەتەبەر، بەڵكو تائێستا هەڵوێستی تەماشاكاری هەیە بەرامبەر كاریگەرییە سلبییەكانی ئەو هەنگاوەی ناویەتی”.

شمەری پرسیاری ئەوەشدەكات، ئەنجامە ئەرێنییەكانی گۆڕانی نرخی دۆلار بەرامبەر دینار لەسەر هاوڵاتی و كەرتی ئابوری چییە؟

ڕونیشیكردەوە، پێویستە حكومەت كاری خێرا بكات لەسەر ڕاستكردنەوەی دۆخەكە، بەڵام بەداخەوە تائێستا بەردەوامە لە هەڵوێستەكەی كە سەرچاوەی زیانی گەورەیە بۆسەر هاوڵاتییان.

بەپێی سەرچاوە پەرلەمانییەكان، نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار بەرامبەر دینار كە لە یەكێك لە بڕگەكانی پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراقدا بۆ ساڵی 2021 ئاماژەی پێدراوە و پێشتر لەلایەن بانكی ناوەندی و وەزارەتی داراییەوە بڕیاری لەسەردرا، یەكێكە لەو ڕێگرییانەی لەبەردەم پەسەندكردنی یاسای بودجەدان.

شەممەی ڕابردوو ڕیاز مەسعودی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی سائیرون وتی، كێشە و ناكۆكییەكان دەربارەی پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021 تەنها بەهۆی پشكی هەرێمی كوردستانەوە نیە، بەڵكو ناكۆكی هونەری دیكە هەیە لەوانە پرسی نرخی ئاڵوگۆڕی دینار بەرامبەر دۆلار، هەروەها پرسی پلە وەزیفییەكان لە یاساكەدا، سەرەڕای ئەو پارە زیادەیەی لەئاكامی بەرزبوونەوەی نەوت هەیە، هی دیكەش.

بابەتی پێشتر

دانیشتنی پەرلەمانی عێراق دواخرا

بابەتی دواتر

نوێنەری هەرێم لە تاران: کوردستانی گەورە شتێکی مەحاڵە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
1
Share