دارێكی بەبەردبووی تەمەن 20 ملیۆن ساڵ دۆزرایەوە

دارە بەبەردبووە دۆزراوەكە

شارەزایان دۆزینەوەیەكی دەگمەنی دارێكیان ئاشكراكرد كە تائێستا بە تەواوی ماوەتەوە دوای ئەوەی لە ئاكامی بوركانی بەر لە 20 ملیۆن ساڵ لە دورگەی لیسبۆس-ی یۆنانی بەبەرد بووە.

دارستانە بەبەردبووەكەی لیسبۆس بەر لە 20 ملیۆن ساڵ بووە دوای ئەوەی بوركانێك لە باكووری دورگەكە تەقیوەتەوە و تەواوی ناوچەكەی بە لم و گڕ داپۆشیوە.

ناوچەكە كە ڕوبەرەكەی 15 هەزار هێكتارە، بە سەرچاوەی دارە بەبەردبووە جۆراوجۆر و ڕەنگاوڕەنگەكان ناسراوە.

نیكۆلاس زۆرۆس، پسپۆڕی جیۆلۆجیا لە زانكۆی ئیجە كاری هەڵكۆڵینی لە سیستمی ژینگەی دارستانە بەبەردبووەكەدا دەكرد، بەڵام وتی پێشتر هەرگیز دۆزینەوەیەكی لەو جۆرەی بەدینەكردووە.

زۆرۆس ئەوەشی وت، بەدرێژایی ئەم ساڵانەی دوایی دۆزینەوەی زۆریان بەدیكردووە، بەڵام نوێترینیان گرنگترینیان و دەگمەنترینیانە.

شارەزایان درەختە گەورەكەیان دۆزییەوە كە درێژییەكەی 19.6 مەتر، لەكاتی هەڵكۆڵین لەسەر ڕێگای (كالۆنی-سیگری)ی خێرا.

دارەكە بە لقەكانی و ڕەگەكەیەوە دۆزراوەتەوە. زۆرۆس وتی، “ئەمە زۆركات لەكاتی هەڵكۆڵیندا نادۆزرێتەوە، زۆركات ڕەگی درەختەكان دەدۆزینەوە بەبێ لق و پۆپەكانی”.

بەپێی ئەو شارەزایە لێكۆڵینەوە و هەڵكۆڵینەكانیان نزیكەی 25 ساڵە بەردەوامە، بەڵام پێشتر دارێكی لەو جۆرەیان بەدینەكردووە.

درەختەكان گۆڕانی ئاووهەوا لە ناوچەی لیسبۆس دەردەخات.

بابەتی پێشتر

نرخی نەوت بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبوویەوە

بابەتی دواتر

هۆشداری دەدرێت لە هێرشی موشەکی لە عێراق

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share